پزیشکیان: لە هیچ خاڵێکی لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا پاشەکشەمان نەکردووە
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئێستا لە دۆخێکی هاوشێوەی جەنگدایە و جەختیشی کردەوە، تاران لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ واشنتن، پابەندی پاراستنی تەواوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناخەدا بە رێکار و یاساکانی رابردوو جێبەجێ ناکرێت، چونکە ئێران لە دۆخێکی نائاساییدایە.
گوتیشی: "ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستمان بە یەکڕیزی، تەبایی و هاوکاریی نێوان سەرجەم دەسەڵاتەکانی دەوڵەت هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە."
سەبارەت بە وردەکاریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لێکگەیشتنی ئەمدواییەی نێوان تاران و واشنتن، سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لە هیچ کام لەو 14 بەندەی لەسەری رێککەوتوون، پاشەکشەی نەکردووە.
پزیشکیان روونیکردەوە: "نەک هەر هیچ ئیمتیازێک بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێران نەدراوە، بەڵکو بەدواداچوونی ورد نیشانی دەدات، بەشێکی زۆری دەستکەوتەکانی ئەم لێکگەیشتنە لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و هیچ بەندێک بوونی نییە، تەنیا بەرژەوەندیی یەکلایەنە بۆ لایەنی ئەمریکی فەراهەم بکات." جەختیشی کردەوە، پاراستنی مافەکان، بنەماکان و بەهاکانی شۆڕش هێڵی سووری ئەوان بووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر کێشە ناوخۆییەکان و بارودۆخی گوزەرانی خەڵک. راشیگەیاند، بۆ ئەوان قبووڵکراو نییە کۆمەڵگەیەک ببینن، تێیدا هاووڵاتییان بەدەست هەژاری، بێکاری و کێشەی بژێوییەوە گرفتاربن.
پزیشکیان بەڵێنیدا، حکوومەتەکەی بە جیددی کار بۆ چاکسازیی لە پێکهاتە نادادپەروەرەکان دەکات و هەموو هەوڵێکیان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و باشترکردنی دۆخی ئابووری وڵات چڕ دەکەنەوە.