زانایان: خواردنی ئایسکریم بە رێژەیەکی دیاریکراو سوودی تەندروستیی هەیە

لە دۆزینەوەیەکی زانستیی چاوەڕواننەکراودا کە سەرنجی ناوەندە پزیشکییەکانی راکێشاوە، توێژەران باس لەوە دەکەن کە خواردنی ئایسکریم بە بڕێکی دیاریکراو، نەک هەر زیانی نییە، بەڵکو مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دوو کەم دەکاتەوە، ئەمەش وەک وەرچەرخانێک لە تێڕوانینی کلاسیکی بۆ ئەو شیرینییە دەبینرێت.

شارەزایانی بواری تەندروستی لێکدانەوەی نوێ دەخەنە روو دەربارەی ئەوەی چۆن ئەم شیرینییە هاوینە دڵخوازە دەکرێت سوودبەخش بێت، سەرەڕای ئەوەی رێژەیەکی بەرزی شەکر، چەوری و کالۆری تێدایە.

 لای هەمووان روونە کە زیادەڕۆیی لە خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە شەکر و چەورییە ناتەندروستەکان، مەترسیی تووشبوون بە شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکەن، بەڵام توێژەران تێبینی دیاردەیەکی سەیر و نامۆیان کردووە و ناویان ناوە "پارادۆکسی ئایسکریم"؛ بەجۆرێک دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی رێکوپێک رۆژانە نزیکەی نیو کوپ ئایسکریم دەخۆن، کەمتر رووبەڕووی مەترسیی نەخۆشییەکانی میتابۆلیزم"هەرس" دەبنەوە.

بابەتەکە لێرەدا نەوەستاوە، بەڵکو چەندین توێژینەوەی بەرفراوان پەیوەندییەکیان دۆزیوەتەوە لە نێوان خواردنی ئایسکریم بە شێوەیەکی رێکوپێک و دابەزینی مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.

رەنگە هۆکاری وردی ئەم دیاردەیە هێشتا نەزانراو بێت، بەڵام زانایان پێیان وایە پرۆتینی "مەیینی شیر" کە لە بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا هەیە، رەنگە رۆڵی هەبێت لە باشترکردنی رێکخستنی شەکری خوێندا. بەڵام پێش ئەوەی پەلە بکەیت بۆ سەر سەلاجەکە و بڕێکی زۆر ئایسکریم بخۆیت، پێویستە بزانیت کە شەکر و چەوری ناو ئایسکریمەکە نین کە دەتپارێزن، بەڵکو لێکدانەوەیەکی لۆژیکیتر هەیە.

زانایان پێیان وایە ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی کاتی و وەک بەشێک لە شێوازێکی ژیانی چالاک و رێکخراو چێژ لە شیرینییەکی وەک ئایسکریم وەردەگرن، رەنگە بە گشتی کەسانی تەندروستتر بن. لێرەدا دیاردەیەک دەردەکەوێت کە بە "هۆکاری پێچەوانە" دەناسرێت؛ واتە ئەو کەسانەی تەندروستییان کەمترە و نیگەرانی ئاستی شەکری خوێنیانن، مەیلیان هەیە بە تەواوی لە ئایسکریم دوور بکەونەوە، ئەمەش وادەکات ئایسکریم وەک پارێزەر دەربکەوێت، لە کاتێکدا تەنیا پەیوەندییەکی هەڕەمەکییە نەک هۆکارێکی سەرەکی.

شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە هاوسەنگی و میانڕەوی بنەمای هەر سیستمێکی خۆراکیی تەندروستە. مرۆڤی تەندروست 2/1ی قاپەکەی بە میوە و سەوزە، 4/1ی بە پرۆتین و 4/1ەکەی تری بە دانەوێڵە پڕ دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، خواردنی ئایسکریم بە بڕێکی کەم رەنگە سوودبەخش بێت، نەک بەهۆی پێکهاتە خۆراکییەکانی، بەڵکو چونکە ئارەزووی زۆری مرۆڤ بۆ شەکر کەمدەکاتەوە و یارمەتیدەر دەبێت لە بەردەوامبوون لەسەر سیستمێکی خۆراکیی درێژخایەن.

بۆ ئەوانەشی بەدوای بژاردەی تەندروستتردا دەگەڕێن، ئەمڕۆ چەندین براند هەن کە ئایسکریم بە کالۆری و شەکرێکی کەمتر و پرۆتینێکی بەرزتر بەرهەم دەهێنن، ئەمەش هاوشێوەی ئەو شەپۆلەیە کە پێشتر لە بەکارهێنانی ماستی بەستوو وەک بەدیلێکی تەندروست بڵاوبووەوە.

رێڕەوی مێژووی ئایسکریم

مێژووی ئایسکریم بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و چەندین قۆناخی جیاوازی بڕیوە تا گەیشتووە بەم شێوەیەی ئێستا:

1. سەرەتاکان لە چین (ساڵی 200 پێش زایین):
رەگ و ریشەی ئایسکریم بۆ چینی کۆن دەگەڕێتەوە. لەو سەردەمەدا چینییەکان تێکەڵەیەکیان لە برنج، شیر و بەفر دروست دەکرد و وەک شیرینییەکی بەستوو دەیانخوارد.

2. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و "شەربەت":
فارسەکان و عەرەبە کۆنەکان جۆرە خواردنەوەیەکیان هەبوو بە ناوی "شەربەت" کە لە ئاوی میوە و بەفر دروست دەکرا. دواتر ئەم بیرۆکەیە گەشەی سەند و جۆرە شیرینییەکی وەک "فالودە"یان لێ دروست کرد کە تا ئێستاش ماوە.

3. گەیشتن بە ئەوروپا (سەدەی 13 و 16):
دەوترێت گەڕیدەی ناودار "مارکۆ پۆلۆ" لە سەدەی 13دا رێگەی دروستکردنی شیرینییە بەستووەکانی لە چینەوە هێناوە بۆ ئیتاڵیا. دواتر لە ساڵی 1533دا، کاتێک کاترین دی میدیچی ئیتاڵی هاوسەرگیری لەگەڵ پادشای فەرەنسا کرد، ئەم جۆرە شیرینییەی گەیاندە ناو کۆشکەکانی فەرەنسا.

4. شۆڕشی پیشەسازی و گۆڕانکاری گەورە:

ساڵی 1843: ژنێکی ئەمریکی بە ناوی "نانسی جۆنسن" یەکەم ئامێری دەستیی بۆ تێکدانی ئایسکریم داهێنا، ئەمەش وای کرد دروستکردنی ئایسکریم ئاسانتر بێت.
ساڵی 1851: یەکەم کارگەی گەورەی بەرهەمهێنانی ئایسکریم لە لایەن "جەیکب فوسێل" لە ئەمریکا کرایەوە.
ساڵی 1904: لە پێشانگایەکی جیهانی لە سانت لویس، بۆ یەکەمجار بیسکویتی ئایسکریم داهێنرا و بووە یەکێک لە باوترین شێوازەکانی خواردنی ئایسکریم.
5. سەردەمی نوێ:
لەگەڵ داهێنانی سەلاجە و بەفرگرە پێشکەوتووەکان لە سەدەی 20دا، ئایسکریم لە شیرینییەکی شاهانە و دەگمەنەوە گۆڕا بۆ خواردنێکی جەماوەری و ئێستا لە هەموو جیهاندا بە هەزاران تامی جیاواز بەردەستە

 

فالودە