عێراق و فەرەنسا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەنەوە
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازیکرد لە باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق، لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە پێشوازی لە ئەلیکساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد و نامەی دەستبەکاربوونەکەی لێ وەرگرت، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوە ستایشی ئاستی پێوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسای کرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەوڵەکان کردەوە بۆ برەودان بەم پێوەندییانە بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و گەلی دۆست بکات.
فوئاد حسێن، رایگەیاند، گرنگی بە بەهێزکردنی هاریکارییەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کولتووریدا کرد، هەروەها پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەشی لەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان، بە فاکتەرێکی کاریگەر زانی بۆ پێشخستنی زیاتری رێڕەوی پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لە بەرامبەردا، ئەلیکساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا جەختی لە پەرۆشیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پێوەندییەکان لەگەڵ عێراق و کارکردن لە پێناو پەرەپێدانی بوارەکانی هاریکاریی هاوبەش، هاوکات ئاستی پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان پاریس و بەغدای بەرز نرخاند و ئامادەیی فەرەنسای دووپات کردەوە بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانی لە هەوڵەکانی گەشەپێدانی هاوبەشیی دووقۆڵی بە ئاراستەی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.