ئیسرائیل: بڕیاری فراوانکردنی جەنگی ئێران تەنیا لە دەستی ترەمپدایە

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاند، پرسی فراوانکردنی بازنەی جەنگ لەگەڵ ئێران تەنیا بەستراوەتەوە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە.

ماڵپەڕی وای نێت لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، لەم قۆناخەدا تەلئەڤیڤ نایەوێت راستەوخۆ بچێتە ناو رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان واشنتن و تاران، بەڵام هۆشداریی توندیدا و گوتی: "هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وەڵامێکی بەرفراوانی لێ دەکەوێتەوە و تێیدا سەرجەم تواناکانی سوپا بەکاردەهێنرێت." ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، تێکچوونی دۆخی ئابووریی ئێران و لێکەوتەکانی، لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا رایگەیاند، بۆ یازدەیەمین شەوی لەسەریەک شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئامانجەکان لە ناوخۆی ئێران. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، هێرشەکان کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیان دەستیان پێکردووە و ئامانجیان لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران بووە، کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەکاردەهێنرێن.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکۆم، هێرشەکان بنکەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، یەکە دەریاییەکان، کۆگاکانی فڕۆکە و درۆن، و ژێرخانی لۆجستیی سوپای ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتن دەستنیشان نەکراوە