هاوپەیمانی عەرەبی: حوسییەکان لە رێگری نەوەستن وەڵامی توندترمان دەبێت

هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی عەربستانی سعوودیە رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی رەوا و هاوسەنگیان دژی پێگە سەربازییەکانی حوسییەکانی یەمەن لە پارێزگای حودەیدە ئەنجام داوە، ئاماژەی بەوە شکردووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ ئەو کارە ترسنۆکانە و سەرکێشانەی حوسییەکان تێیدا کەشتییە بازرگانییەکانیان لە دەریای سووردا کردبووە ئامانج.

شەممە 25ـی تەممووزی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعوودیە، هێرشەکان تەنها ئەو پێگانەی گرتووەتەوە کە مەترسین بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی و بە هیچ شێوەیەک بەندەری حودەیدە نەکراوەتە ئامانج، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم بەندەرەکانی یەمەن بە رووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا کراوەن، هاوکات حوسییەکانیان تۆمەتبار کرد بەوەی رێگری لە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا دەکەن و پێداگیرن لەسەر گەمارۆدانی گەلی یەمەن.

لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی سەر بە حوسییەکان رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە چوار هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە، کە تێیدا دامەزراوەکانی سەر بە دامەزراوەی پەیوەندییەکان لە حودەیدە، بەندەری شارەکە و دوورگەی کەمەرانیان کردووەتە ئامانج، بەپێی گوتەی حوسییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر باڵەخانەی پەیوەندییەکان، کارمەندێکی ئەو فەرمانگەیە بریندار بووە و دوو کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانیی عەرەبی هۆشداریی توندی دا کە بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری هەموو رێکارە ئۆپەراسیۆنییە پێویستەکان بۆ پاراستنی کەشتییەکان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی شانشینی سعوودیە، هەروەها رایانگەیاند لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشە دوژمنکارییەکانی حوسییەکان، بە بێ هیچ کەمتەرخەمییەک و بە توندی وەڵامیان دەبێت.