گۆتێرێز دوای 17 ساڵ گەیشتە دیمەشق

ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سووریا. ئەم سەردانە بە مەبەستی دەربڕینی پشتگیرییە بۆ ئەو وڵاتە لە قۆناخی گواستنەوەدا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 13 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگ و ململانێیە ناوخۆییەکان.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا سانا رایگەیاند، ئەسعەد شەبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق پێشوازی لە گۆتێرێز و شاندی یاوەری کردووە.

ئەمە یەکەم سەردانی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سووریا لە دوای ساڵی 2009ەوە، کاتێک بان کی مۆن، ئەمینداری پێشووتری رێکخراوەکە سەردانی دیمەشقی کردبوو.

سەردانەکەی گۆتێرێز لە کاتێکدایە سووریا هەوڵ دەدات لە دوای ساڵانێکی درێژ لە جەنگ، پێ بنێتە قۆناخێکی نوێی سیاسی و گواستنەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەنگاوەوە رۆڵی خۆی لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی وڵاتەکەدا چڕتر بکاتەوە.