مەسرور بارزانی: بەغدا بە ملیاران دۆلار بۆ پاڵپشتیی سووتەمەنی خەرج دەکات و بەشی ئێمە نادات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان خوازیاری ئاشتییە و بە هیچ جۆرێک نابێتە بەشێک لە ململانێ و شەڕەکانی ناوچەکە. هاوکات داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد رێز لە دەنگی خەڵک بگرن و بە خێرایی کابینەی نوێی حکوومەت پێکبهێنن. دووپاتیشی کردەوە، بەمزووانە کێشەی کەمی بەنزین چارەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەوردی تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە، هاوکات باسی لە کێشەکانی مووچە، پێکهێنانی کابینەی نوێ، سیستمی باج، کەمبوونەوەی کارەبا و هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین کرد و پەیامی ئاراستەی لایەنە ناوخۆییەکان و بەغداش کرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێیانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەڵکوو بەردەوام لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی هەموو قەیرانەکاندایە. گوتیشی، "سەرەڕای ئەوەی بەشێک نین لە گرژی و ئاڵۆزییەکان، رۆژانە هێرشمان دەکرێتە سەر. بەرپرسیارێتیی حکوومەتی عێراق، سنوورێک بۆ هێرشەکان دابنێت".
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی خۆڕاگریی هاووڵاتییانی کرد بەرانبەر ئەو دۆخە سەختەی دروست بووە و دڵنیایی دا رۆژانی رووناکتر و باشتر لە پێشە و قەیرانی گەورەتریان تێپەڕاندووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیی ئابووریدا.
روونیشی کردەوە، داخستنی رێڕەوە ئاوییەکانی وەک گەرووی هورمز زیانی بە ئابووریی سەرانسەری ناوچەکە و عێراق گەیاندووە.
لەبارەی سیستەمی ئەسیکۆداش، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بوونی ئاستەنگەکان هەنگاوی باش نراون و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی هەشت مانگی داهاتوودا بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، ئەمەش داهاتەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات.
لەبارەی پرسی مووچە و داهاتی ناوخۆ، مەسرور بارزانی رایگەیاند، پێشتر بڕیاری پێدانی 120 ملیار دینار لەسەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و ئەمەش کاریگەریی قورسی لەسەر داهاتی ناوخۆ دروست کردووە. داوای لە بەغدا کرد پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ بکات، چونکە بەبێ گەشەی بازرگانی ناتوانرێت ئەو پابەندییانە جێبەجێ بکرێن.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمیش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەت پێکنەهاتووە، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتییان. لەبەر ئەوە داوای لە پارتە سیاسییەکان کرد رێز لە دەنگی خەڵک بگرن، پەرلەمان کارا بکەنەوە و بە خێرایی کابینەی نوێ پێکبهێنن بۆ خزمەتکردنی تەواوی ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
لەسەر پرسی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری کرد و ئاشکرای کرد بەهۆی چەند مەترسییەکی ئەمنییەوە کۆمپانیای بەرهەمهێنەر لە کێڵگەی کۆرمۆر بە تەنیا بڕیاری داوە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز کەم بکاتەوە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر وێستگەکانی کارەبا داناوە.
سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست ئەم کێشەیە بەمزووانە چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا بگەڕێتەوە ئاستی جاران، دووپاتیشی کردەوە حکوومەت رێگە نادات مافی خەڵک ببێتە قوربانیی بڕیاری تاکلایەنە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر پرسی سووتەمەنی و گرانبوونی نرخی بەنزین و رەخنەی لە حکوومەتی فیدراڵی گرت بەوەی بە ملیاران دۆلار لە خەرجییە سیادییەکان بۆ پاڵپشتیی سووتەمەنی خەرج دەکات، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان ناکات و تێچووی دەرهێنان دەکەوێتە سەر شانی هەولێر.
گوتیشی، عێراق رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێنێت، ئەگەر بەپێی رێژەی 12.6% هەژمار بکرێت دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان 126 هەزار و 700 بەرمیل نەوت بێت، بەڵام بەغدا تەنیا ئامادەیە 50 هەزار بەرمیل بدات.
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، ئەمە ستەمێکی گەورەیە و پێویستە ئەو 70 هەزار بەرمیلەی ماوە رەوانەی هەرێم بکرێت. هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپاردووە پێداچوونەوە بە نرخەکاندا بکەن، بە جۆرێک نرخی بەنزینی نۆرماڵ 750 دینار و کۆمێرشاڵیش لە 850 دینار تێپەڕ نەکات، هەروەها چاودێریی نرخی بەنزینی سوپەر و باشترکراویش بکرێت بۆ رێگریکردن لە قۆرخکاری لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکدا.
دەقی قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
رۆژتان باش. پێم خۆش بوو ئەمڕۆ لەگەڵتان باسی چەند خاڵێک بکەین کە گرنگن بۆ ئەمڕۆی کوردستان و بەتایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. بەشێکی کێشەکان لە هەموو ناوچەکەیە، هەروەک خۆشتان دەزانن گرژی و شەڕ و پێکدادان لەم ناوچەیەدا تاکو ئێستا بەرەو کۆتایی نەچووە. ئەمە قەلەق و دڵەڕاوکێی لە هەموو ناوچەکە دروست کردووە و کێشە و ئاسەوارەکانیشی هەموو ناوچەکانی گرتووەتەوە. بێگومان ئێمەش بێبەش نین لەو مۆزوعە، بەڵام هەڵوێستی هەرێمی کوردستان زۆر دیار و ڕوونە. ئێمە لەگەڵ چارەسەری ئاشتیانەی هەموو کێشەکانین. لەگەڵ ئەوە نین شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت. و بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەشێک نییە لە هیچ شەڕێک و لە هیچ توندوتیژییەک. و دەمانەوێ کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە ناوچەکە چارەسەر بکرێن.
دەزانین ئەمە کاریگەریشی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان کردووە. بۆیە من دەمەوێ هەر لە ئێرەوە سوپاسی خۆڕاگری و هەڵوێستی خەڵکی کوردستان بکەم کە هەمیشە لە بارودۆخی وەزعەکە تێدەگەن و پشتیوانی بەردەوامی حکومەتی هەرێمیش بوون و دڵفراوان بوون. دەزانن کە حکوومەتی هەرێم حکوومەتی خۆیانە و هەرچی پێمان بکرێت بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان درێخی ناکەین. لەو کێشە و ئەزمانەی کە ئێستا لە ناوچەکەشدا هەن، ئێمە نوێنەری راستەقینەی خەڵکین و زیاتر لە هەموو کەسێک پەرۆشی ژیانی ئەو خەڵکەین. من سوپاسی خەڵکەکە دەکەم و دەزانم کە ژیانێکی تۆزێک دژوارتر و ناخۆشتر ئێستا هەیە. هەم نرخەکان بەرز بوونەتەوە، چەندین کێشە و قەیران ناوچەکەی گرتووەتەوە کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بەو قەیرانەدا تێدەپەڕێت. بەڵام خەڵکی ئێمە دەبێ دڵنیا بێت کە ئێمە قەیرانی زۆر گەورەتریشمان تێپەڕاندووە، ئەمەش تێدەپەڕێت. وە من زۆر زۆر دڵنیام ئایندەیەکی رووناکتر و خۆشتر چاوەڕێی خەڵکی ئێمە دەکات. بۆیە من حەز دەکەم خەڵکی ئێمە بە هیچ جۆرێک تووشی دڵەڕاوکێ نەبن، قەلەق نەبن و ئەم وەزعەش ئینشائەڵڵا بەرەو چارەسەر دەڕوات.
لە پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، من دەمەوێ جارێکی تر دووپاتی بکەمەوە کە ئێمە پشتیوانی حکومەتی ئێستای بەغدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بەڕێز عەلی زەیدی دەکەین و بەشدارییەکی کارای ئەو حکوومەتەمان کردووە و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی سیاسەتی ریفۆرم و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بۆ باشترکردنی وەزعی ئابووری لە عێراق. کە بەداخەوە دیسان عێراقیش وەکو هەموو وڵاتانی تری ناوچەکە بە قەیرانێکی ئابووریی توند و گەورەدا تێدەپەڕێت لەبەر بەستنی گەرووی هورمز، کە زۆربەی هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە و نەوتی عێراقیش زیاتر بەو ناوچەیەدا دەڕوات. ئەمە قەیرانێکی ئابووری لە هەموو ناوچەکەدا دروست کردووە، بەڵام ئێمە ئامادەین بە هەموو جۆرێک یارمەتیی حکوومەتی فیدراڵی بدەین، یارمەتیی بەڕێز عەلی زەیدی بدەین و ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێکی کارای چارەسەری ئەو قەیرانانە بێت کە ئێستا هەیە. وە دیسانیش دووپاتی دەکەمەوە ئێمە پشتیوانی بەڕێزیان دەبین و هیوادارین ئەو کێشانەی کە تاکو ئێستاش ماون و چارەسەر نەکراون ئەوانەش بەرەو چارەسەری بڕۆن.
هەوڵی جددیمان هەیە لە بابەتی چارەسەرکردنی بازرگانی و کێشەی ئەسیکۆدا، کە تاکو ئێستا هێشتا ماوە بەڵام چارەسەرییەکان خەریکن بەرەو ئەنجام دەگەن ئینشائەڵڵا. ئەمە یارمەتییەکی زۆری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دەدات و یارمەتیی زیادکردنی داهات لە هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دەدات. هیوادارین ئەمەش بە ماوەیەکی زوو ئینشائەڵڵا بەرەو چارەسەری کۆتایی بڕوات.
بابەتی مووچەکانیش هەروەک خۆتان دەزانن، ئێمە بەردەوام بووین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی مووچەکان لە کاتی خۆی. هەرچەندە لەسەر بڕیارێکی پێشووتر، 120 ملیار دینار لەسەر هەرێمی کوردستان فەرز کراوە کە دەبێ حکوومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیە دابین بکات. کاتێک کە داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەشی ئەوە بکات ئێمە هەمیشە پابەندی ئەوە بووین کە ئیلتیزاماتەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین، بەڵام لە کاتێکدا کە بازرگانی نەمێنێت یان کە داهات لە هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق کەم بکات، بێگومان ئەمە کاریگەری لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەو پابەندییەش وای کردووە کە حکوومەتی فیدراڵی پێویستە پێداچوونەوەیەک بەو بڕیارەی پێشووتر بدات بۆ ئەوەی هەردوولامان بتوانین یارمەتی یەکتر بدەین. چارەسەری ئێمە ئەمەیە کە داهاتەکان زیاد بکرێن بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم بتوانێت نەک تەنیا لە 120 ملیار بەڵکو زیاتریش یارمەتی حکوومەتی فیدراڵی بدات؛ بەڵام ئەمە هاوکاریی دوولایەنەی پێویستە. دەبێ ڕێژەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، دەبێ داهات لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ئێمەش زیاتر بتوانین یارمەتی حکوومەتی فیدراڵی بدەین.
لە هەموو بوارەکانی تر ئێمە خەریکین هەماهەنگییەکی زیاترمان ئێستا لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەیە لە ڕووی ئەمنییەوە، لە ڕووی سیاسییەوە. ئێستا کێشەکان لە خوا بەزیاد بێت، لە کەمبوونەوەدان بەرەو نەمان دەڕۆن و هیوادارین ئەو پەیوەندییە زیاتر بۆ داهاتووش هەنگاوی باشتر بۆ هاوێژین و زیاتر بتوانین یارمەتی یەکتر بدەین. ئێمە رازین لەو پەیوەندییەی کە هەیە و خۆشحاڵین لەوەی کە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی ئێستا لە ئاستێکی زۆر باشدایە.
لەسەر وەزعی ناوخۆش خۆتان دەزانن، ئەمە نزیکەی 20 مانگە ئێمە هەڵبژاردنمان کردووە؛ بەڵام تاکو ئێستا بەداخەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک نەهاتووە. حکوومەت، حکوومەتی خەڵکە. پەرلەمانیش، پەرلەمانی خەڵکە. پێمان وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان، دروستکردنی حکومەت، پێش هەموو کەسێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندایە. بەڵام بەرپرسیارێتییە گەورەکە دەکەوێتە سەر ئەو لایەنە سیاسییانەی کە وەکو نوێنەری خەڵک دەنگی خەڵکیان هەیە، و بۆیەش من جارێکی تر داوا دەکەم، هەر لە رۆژی یەکەمیشەوە لەگەڵ ئەوە بووم کە پەرلەمان زوو دەست بە کارەکانی خۆی بکات، حکوومەتێک پێکبێت کە رەنگدانەوەی هەست و خواستی خەڵکی کوردستانی تێدا بەرجەستە بکرێت. ئێستاش ئێمە دیسان دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، و حکوومەتیش پێک بێت. ئەم حکوومەتە لە بەرژەوەندی خەڵک دەبێت. خەڵک چاوەڕێی ئەوە دەکات کە حکوومەت حکومەتێکی خزمەتگوزاری سەرانسەری بێت. لە هەموو کوردستان بە بێ فرق و جیاوازی بتوانێت بەردەوام بێ بە ئیشوکاری خۆی بدات. بۆیە من داوام ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەرپرس دەکەم کە خۆیان بە بەرپرس و خەمخۆری خەڵکی کوردستان دەزانن بێنە پێشەوە، و ئێمە بەیەکەوە بتوانین هەم پەرلەمان کارا بکەینەوە، هەم حکوومەتێکیش پێک بینین کە لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستاندا بێت.
لەم ماوەیە دیسان خۆشتان دەزانن هەندێک قەیران هەن کە پێویستە باسی بکەم. یەکێک لەوانە بابەتی کارەبایە. کە ئێمە پێشتریش بەڵێنی ئەوەمان بە خەڵکی کوردستان دابوو و بەردەوامین لەسەر ئەو بەڵێنە، کە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو خەڵکی کوردستان دابین بکەین. پڕۆژەکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و باش بەڕێوە چوو و بەڕێوە دەچێت. لێرە کێشەیەک هەیە لەسەر دابینکردنی گاز، کە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی کارەبایە بۆ هەموو کوردستان. رێژەی گازی ئێمە زیاتر بە هۆی کۆمپانیای داناگازەوە لە کۆرمۆرەوە دابین دەکرێ. کە لەم ماوەیە بە هۆی هەندێ مەترسی ئەمنی، کۆمپانیا یەکلایەنە بڕیاری کەمکردنەوەی ئینتاجی غازی دەرکرد. کە ئەمە رێژەیەکی یەکجار زۆری لە گاز لە هەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە کە ئەمە بێگومان کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا بوو. کەواتە پڕۆژەکە خۆی هیچ عەیبێکی نییە، تەنیا دابینکردنی کارەبا بە هۆی نەبوونی گازەوە کێشەیەکی تێکەوتووە کە من هیوادارم ئەمەش، هەرچەندە ئێمە هەوڵێکی جددیمان لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز داوە، لەگەڵ لایەنەکانی تر کە گازمان بۆ دابین دەکەن بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر، ئەو ئەزمەیە، ئەو قەیرانەش بەرەو چارەسەری بڕوات. ئینشائەڵڵا چاوەڕێ دەکەین لەم رۆژانەی داهاتوو ئەمەش بەرەو چارەسەری بڕوات. هەم بەرهەمهێنانی گازمان زیاتر ببێت، کە ئەمە وا دەکات کارەبامان زیاتر بێت، و کۆندێنسەیت-یش زیاتر دەبێت کە ئەمە جارێکی تر کاریگەری دەبێتەوە لەسەر بەرهەمهێنانی بەنزین و سووتەمەنییەکان بۆ خەڵکی کوردستان.
بۆیە لەسەر ئەوەش من دەمەوێ دڵنیاتان بکەمەوە، حکوومەت بەردەوامە لەوەی کە پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات. لەگەڵ کۆمپانیاکانیش قسە دەکەین. دەزانم هەموو کۆمپانیایەک خاوەن مافە، هەموو بازرگانێک خاوەن مافە، هەموو خاوەنکارێک خاوەن مافە، بەڵام خەڵکی کوردستانیش خاوەن مافە. ئێمە نامانەوێ مافی هیچ کەسێک بخورێت، بەڵام هیچ کەسێکیش نابێت لەسەر حیسابی مافی کەسێکی تر نامەسئولانە یان نابەرپرسانە رەفتار بکات. بۆیە ئێمە وەکو حکوومەت، پارێزەری مافی هەموو خەڵکی کوردستانین. من دەمەوێ لەوە خەڵک دڵنیا بێت، ئێمە زیاتر لە هەموو کەسێک بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان دەکەین.
بۆ بابەتی بەنزین و سووتەمەنیش، هەروەک بیستان، لەم ماوەیە نرخی بەنزین زیاد کرا. سووتەمەنی زیاد بوو. ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕ و گرژییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە، کە نرخی نەوتی جیهانی بەرز بووەتەوە، بێگومان ئەمە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە ناوخۆش دەکات. کولفەی دەرهێنان وەکو خۆی ماوەتەوە، یەعنی کولفە کەم نابێ... ئێمە لەوەدا دواتر من زیاتر قسەی لەسەر دەکەم. بەڵام دڵنیا بن لەو ئەزمە و قەیرانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەشێکی زۆری کاریگەری لەسەر هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردووە.
نرخی سووتەمەنی کە زیاد دەکرێ، هاووڵاتی داوای نزمکردنەوەی نرخەکان دەکات. ئێمە هەوڵمان داوە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کار بکەین ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی تێروتەسەلمان هەبوو لەسەر ئەوەی کە بزانین باشترین نرخ بۆ هاووڵاتی چەندە کە واقیعی بێت لەگەڵ دەرهێنانی نەوت، کولفەی نەوت کە هەیە. لێرە قسەی زۆر دەکرێ، خەڵکێکی زۆر قسە دەکات بە بێ ئەوەی داتاکانی لای بێت. من حەز دەکەم زۆر بە ڕوونی هەندێ خاڵ بخەمە روو بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستانیش دیار بێت.
لە هەرێمی کوردستان کولفەی دەرهێنانی نەوت لەسەر کۆمپانیاکانە.
حکوومەتی فیدراڵی بە ملیارات دۆلار لە نەفەقاتی سیادی بۆ کولفەی نەوت تەرخان دەکات. بەڵام بەداخەوە هەرێمی کوردستان سوودمەند نییە لە هیچ یەکەک لەو کولفەی کە حکوومەتی فیدراڵی لە نەفەقاتی سیادی دابینی دەکات. کەواتە کولفەکان هەمووی دەخرێتەوە سەر شانی حکوومەتی هەرێم کە ئەویش ناچارە و پابەندە بەپێی کۆنتراکتەکان ئەو کولفەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان کە ئەوان دەری دەهێنن، پابەند بێت بە دابینکردنی. بۆیە نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ئەوە نییە بڵێی زیاتر بێت لە عێراق، بەڵام عێراق حیسابی ناکات. بە پێچەوانەوە، بە سوبسیدی یان بە ملیارات دۆلار زەرەرمەند دەبێت بۆ ئەوەی کە سووتەمەنی دابین بکات.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان داوامان کردووە، بەپێی نیسبە و رێژەی خۆمان لە دابینکردنی مەنتوجات بۆ ئیستهلاکی مەحەلی، ئێمەش ئەو نیسبەیەمان هەبێت. حکوومەتی عێراق ئێستا یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ سوودوەرگرتنی ناوخۆ بە هاووڵاتییان دەدات. بەپێی رێژە بێت، ئێمە ئەگەر 12.6 حیساب بکەین کە تاکو ئێستا حکوومەتی فیدراڵی لەسەر ئەو ڕێژەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەکات، 126 هەزار و 700 بەرمیل نەوت بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت. کە ئەمە نیسبەیەکە خەڵکی کوردستان دەبێ ئەو ڕێژە سووتەمەنییەیان لەبەر دەست بێت؛ بەڵام بەداخەوە لە حکوومەتی پێشووتری لە بەغدا، ڕێژەیەک یان ژمارەیەکیان بەسەردا سەپاندین کە گوتیان تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر ئێوە مافتان نییە و ناتوانن بۆ سوودی ناوخۆیی بەکاری بهێنن.
ئەمە هیچ جۆرە دادپەروەرییەکی تێدا نییە. بۆیە ئێمە داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیش ئێستا قسە دەکەین بۆ ئەوەی ئەم ڕێژەیە ڕاست بکرێتەوە. ئەم نادادپەروەرییە ڕاست بکرێتەوە کە پێشتر هەبووە. و ئومێدم وایە لەگەڵ ئەم حکوومەتە کە ئێستا پەیوەندیمان باشە، پێداچوونەوەیەک بەو نادادپەروەرییەدا بکرێ و مافی خەڵکی کوردستان چەندە هێندەی بۆ تەرخان بکرێ.
ئێمە 50 هەزار بەرمیل ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ ناوخۆیی بەکار دەهێنین؛ بەڵام ئەو ڕێژەی تریش یا ئەوەیە ڕێگامان پێ بدرێ بەرهەمی ناوخۆیی بۆ سوودی ناوخۆیی زیاد بکرێ، یانیش حکوومەتی فیدراڵی ئەگەر هەندێ برادەران پێشنیازی ئەوەیان کردووە لە بەغدا ئەم ڕێژە دابین بکرێ، داوایان لێ دەکەین با ئەو 70 هەزار بەرمیلەی کە ماون لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە ئەگەر دەتوانن بۆمان بێنن و ئەمە بێگومان کاریگەرییەکی یەکجار زۆر دەکات لەسەر دابەزاندنی نرخ و دابینکردنی ئەو بەشە سووتەمەنییەی کە خەڵکی کوردستان ئێستا پێداویستییان پێیەتی.
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە کەمترە لەوەی کە خەڵک داوای دەکات. بۆیە پێشتر لە دەرەوە دەهێنرا؛ بەڵام ئێستا بە حووکمی ئەوەی کە نرخەکان زیاد بوون، ئەمە کاریگەری کردووەتە سەر نرخ لە هەرێمی کوردستانیش.
هەوڵمان داوە خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەموو کەسێک سوودمەند بێت و کەمترین زەرەر و زیانی بەرکەوێت. بۆیە داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە پێداچوونەوە بە نرخەکان بکەن و نرخی حکوومەت بۆ بەنزینی نۆرماڵ بە ڕێژەیەکی دیاریکراو کە پێم وایە پێشتریش راگەیەندراوە 750 و کۆمێرشاڵەکە بە 850 زیاتر تێنەپەڕێت. بۆ بەنزینی موحەسەن و سوپەریش دیسان داوام لێیان کردووە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان قسەیان کردووە پێداچوونەوەیەک بکەن چونکە دیارە لە بازاڕ ئەو بەنزینە وەکو پێویست نییە.
پێداچوونەوەی بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاوی ئەم کێشەیە بکرێت. بە هەر حاڵ ئەوەی من دەمەوێ بیڵێم ئێمە بەردەوامین، لەگەڵ خەڵکین، لەگەڵ ئازارەکانی خەڵکین، لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵکین، و ئەوەی پێشمان بکرێت بۆ دابینکردنی مافەکانیان بەردەوام دەبین. چ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بێت، چ بە هەوڵ و جودی ناوخۆیی بێت. هەموو شتێک ئێمە دەکەین بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت.
بۆ وەزعی حکوومەت دیسان من دووبارەی دەکەمەوە، چارەسەری دەکەین بۆ ئەوەی هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن ئێستا کە، یەک هەڵوێستی یان یەکڕیزی یان تێگەیشتن و پێکەوە کارکردنی لایەنە سیاسییەکان لە هەموو کاتێکی تر زیاتر پێویستە. بۆیە بتوانین بەیەکەوە رووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانە ببینەوە و وەفاداریش بین بەرامبەر بەو بەڵێنەی کە بە خەڵکی کوردستانمان داوە. جارێکی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، ئەگەر پرسیاریشتان هەیە لە خزمەتتانم، فەرموون.