سوپای پاسداران: ئامادەی وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرە و وێرانکارین بۆ دوژمن

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی دەستپێکردنی هەفتەی بەرگریی پیرۆز، هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوە و وێرانکەری لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان و پەنجەیان لەسەر پەلپیتکەی چەکەکانیانە.

دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، قۆناخی بەرگریی پیرۆز قوتابخانەیەکی ستراتیژی بووە بۆ بەرهەمهێنانی هێزی نیشتمانی و یەکڕیزی، و رایگەیاند، دەبێت ئەمەریکا و ئیسرائیل درەنگ یا زوو دان بەو راستییەدا بنێن و مل بدەن بۆ ئەوەی ناوچەکە لە بوونی سەربازی و دەستدرێژیکارانەی ئەوان پاکبکرێتەوە بە هیچ شێوەیەک دەربازبوونیان لەم چارەنووسە نابێت.

سوپای پاسداران جەختی لەوە کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە پشتبەستن بە زانست و پێشکەوتنی خۆماڵی و خودبژێویی بەرگری، گەیشتوونەتە ئاستێک لە توانا کە دەتوانن هەر هەڕەشەیەک لە سەرچاوەکەیەوە پووچەڵ بکەنەوە، روونیشیکردەوە، سوپا ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەیەکی وێرانکار بەرامبەر دوژمنێکی داڕماو و دەستدرێژکار.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، رایگەیاند، بەهێزیی سەربازیی وڵاتەکە لە شەپۆلە تێکشکێنەرەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی راستەقینەدا پێشانی جیهان دراوە. هاوکات راشیگەیاند کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی ستراتیژیی گەرووی هورمز لەلایەن هێزەکانیانەوە، هەیبەتی زلهێزەکانی شکاندووە و دەستەوەستانی و بێتوانایی واشنتنی، بۆ هەمووان ئاشکرایکردووە، بە جۆرێک دوای ئەم رووبەڕووبوونەوانە هاوکێشەکانی جیهان بە تەواوی گۆڕدراون.