سۆران؛ هەڵمەتێکی نیشتمانیی یەک ساڵە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە دەستی پێکرد
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە زانکۆی سۆران، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە راگەیاند.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەڵمەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ "دەزگای خێرخوازی بارزانی و زانکۆی سۆران" ئەنجام دەدرێت و ماوەی یەک ساڵ بەردەوام دەبێت. ئامانجی سەرەکی هەڵمەتەکە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە، دەستنیشانکردنی پێشوەختە، و دروستکردنی ئومێد و هیوا بۆ تووشبوانی شێرپەنجە.
سامان بەرزنجی جەختی کردەوە: "ئەم پڕۆژەیە دەبێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ هەموو ناوچەکانی دیکە. ئێمە دەمانەوێت بە شێوازێکی جیاوازتر کار لەسەر پرسی شێرپەنجە بکەین، بە جۆرێک وەک بەرنامەیەکی تەندروستیی گشتی و خۆپارێزی بێت، تاوەکو بتوانین لە بنەڕەتدا رێژەی تووشبوون کەم بکەینەوە و لە رێگەی دەستنیشانکردنی خێراوە، چارەسەرێکی باشتر و تەمەنێکی درێژ و ئاسوودە بۆ هاووڵاتیان فەراهەم بکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی و زانکۆی سۆرانی کرد بۆ دەستپێشخەری و پشتگیرییە بەردەوامەکانیان بۆ کەرتی تەندروستی و گوتی: "ئەم هەڵمەتە هۆشیارییەکی گرنگە بۆ کۆمەڵگا، چونکە شێرپەنجە تەنیا گرفتی ئێمە نییە، بەڵکو مەترسییەکی جددییە لەسەر تەواوی کۆمەڵگاکانی جیهان، تەنانەت لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانیشدا."
ئەم هەڵمەتە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی وەزارەتی تەندروستی دەبینرێت بۆ گۆڕینی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە بواری خۆپارێزیدا.