بەهۆی پچڕانی هێڵی پەیوەندییەکان سەدان گەشتی ئاسمانی لە ئەمریکا هەڵوەشانەوە

پچڕانی هێڵێکی سەرەکیی پەیوەندییەکان بەهۆی هەڵەیەک لە کارەکانی نۆژەنکردنەوەدا، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوە و دواکەوتنی سەدان گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

شۆن دافی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند، تیمێکی سەر بە کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئەمتریک لە کاتی کارکردندا بە هەڵە کێبڵێکی فایبەر ئۆپتیکیان لە ویلایەتی نیوجێرسی پچڕاندووە، ئەمەش بووەتە هۆی لەکارکەوتنی سیستمی پەیوەندییەکان و ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی (FAA) ناچار کردووە گەشتە ئاسمانییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات رابگرێت.

وەزیری گواستنەوە رایگەیاند، گەشتەکان لە دەوروبەری کاتژمێر 7:00ی ئێوارە بە کاتی گرینچ لە هەردوو فڕۆکەخانەی لاگواردیا لە نیویۆرک و فڕۆکەخانەی فیلادلفیا دەستیانپێکردووەتەوە، لە کاتێکدا گەشتەکانی بەرەو هەردوو فڕۆکەخانەی نیوارک و جۆن ئێف کێنیدی بۆ ماوەیەک راگیرابوون.

بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی چاودێریی هاتوچۆی ئاسمانی «فلایت ئەوەیر»، تاوەکو کاتژمێر 7:00ی ئێوارە بە کاتی گرینچ، تەنیا لە فڕۆکەخانەی نیوارک 168 گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە و 97 گەشتی دیکەش دواکەوتوون، هاوکات لە فڕۆکەخانەی فیلادلفیا 63 گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە و 189 گەشت تووشی دواکەوتن بوون.

لەلایەکی دیکەوە، براین بێدفۆرد، بەڕێوەبەری ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی روونیکردەوە، ئەم ئاستەنگە گەورەیە بەهۆی دوو کێشەی هاوکاتەوە دروستبووە، سەرەتا کێبڵی سەرەکی بڕاوە، دواتریش دەرکەوتووە کە هێڵی یەدەگی فایبەر ئۆپتیکیش پێشتر زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە و لەکار کەوتووە. بێدفۆرد رایگەیاند، چاککردنەوەی تەواوەتیی هێڵە یەدەگەکە نزیکەی 13 کاتژمێری پێویستە تاوەکو دەخرێتەوە گەڕ.