وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان24: هەرێمی کوردستان پایەی بنەڕەتیی پەیوەندییەکانمانە لە عێراق

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و رایگەیاند، هەرێمی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر وەک پایە و بنەمای سەرەکیی پەیوەندییە فراوانەکانی نێوان واشنتن و عێراق دەمێنێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیری لە هەرێمی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر دەکات، تا ئێستاش وەک پایە و بناخەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق ماوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە گرنگ وەسف کرد و داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندییە گشتییەکان لەپێشینەکان دابنێن و جەختیکردەوە، هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە بە گیانێکی دۆستانە و بنیاتنەرانە کار لەسەر ئەو بابەتانە بکەن کە دەبنە هۆی بەهێزترکردن و پتەوکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.