تەندروستیی هەولێر: بەهۆی ئاگرەکەی ئەمڕۆ 18 حاڵەتی تەنگەنەفەسی تۆمار کراون
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تیمەکانی فریاکەوتن 122 هاوشانی کارمەندانی بەرگریی شارستانیی بوون و چەند حاڵەتێکی هەناسەتەنگی هەبوون، بەڵام تیمەکانیان چارەسەری پێویستیان بۆ کردن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، بڵاویکردەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی سەنتەری هەماهەنگی فریاکەوتنی خێرا (122) ئاگادارکرانەوە لە هەبوونی چەند حاڵەتێک بەهۆی ئاگرەکەی قوشتەپەوە دروستببوو، تیمەکانی فریاکەوتن دەستبەجێ رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و دەستیان بە کاری فریاگوزاری کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکان توانییان یارمەتی (18) کەس بدەن کە تووشی گرفتی هەناسەتەنگی هاتبوون لەئەنجامی ئاگرەکەدا، لەو ژمارەیەدا، (هەشت) حاڵەت بەهۆی توندی بارودۆخی تەندروستییانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کران بۆ بەردەوامبوون لە چارەسەرکردن، لەکاتێکدا ماوەی حاڵەتەکان لە شوێنی رووداوەکەدا چارەسەری سەرەتاییان وەرگرت.
تەندروستیی هەولێر رایگەیاندووە، سەنتەری هەماهەنگی فریاکەوتن لە ئامادەباشی خێرای تیمەکانی خۆی دەکاتەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە فریاکەوتنێک، هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر باروودۆخێکی هاوشێوە یان هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، زووتر پەیوەندی بە ژمارەی (122)ەوە بکەن بۆ وەرگرتنی یارمەتی پێویست.
بەیانی ئەمڕۆ کاتژمیر 8:34 ئاگرێک لە کۆگایەکی روونی ئۆتۆمبێل لە نزیک قوشتەپە کەوتووە، بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە زیانێکی زۆری بەر سێ کۆگا کەوتووە و دوای هەشت کاتژمێر ئاگرەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵکرا.