عێراق نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە عەین ئەسەد رەتدەکاتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، لە بەشێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە نیشتنەوەی فڕۆکەی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد.

ئەمڕۆ یەکشممە، 2ـی ئابی 2026، لە راگەیەندراوێکدا، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، ئەم هەواڵانە بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و پشتیان بە هیچ زانیاری و داتایەکی فەرمی نەبەستووە.

هەر لەو راگەیەندراوەدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، لە کاتی گواستنەوەی زانیارییەکاندا وردبن، پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و نەکەونە دوای پڕوپاگەندە و هەواڵی بێ بنەما.