کێشەی ئاوی شارۆچکەی چۆمان چارەسەر دەبێت

رەنووی بەفر کێشەی بۆ دابەشکردنی ئاو لە سنووری قەزای چۆمان دروست کردووە و بەهۆیەوە سەدان ماڵ بێ ئاو بوون، تیمەکانی ئاویش سەرقاڵی پاککردنەوەی سەرچاوەی سەرەکی پڕۆژەکەن.

ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی رەنووی بەفرەوە کێشە بۆ دابەشکردنی ئاو لە سنووری قەزای چۆمان دروست بووە و بەو هۆیەوە سەدان ماڵ بێ ئاو بوون. سیروان محەمەد میر، بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان و دەوروبەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، رەنوویەکی زۆری بەفر هاتووەتە سەر حەوزی یەکەم کە سەرچاوەی سەرەکی پڕۆژەی ئاوی چۆمانە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرفت لە دابینکردنی ئاوی قەزاکە.

بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژی هەینییەوە بە حەفارە بەردەوام کار بۆ فڕێدانی بەفرەکە لەسەر حەوزی ئاوەکە دەکەن و تاوەکو ئێستا توانیویانە 60%ـی ئاو بۆ شارۆچکەکە بگەڕێننەوە، بەڵام ئەو ماڵانەی لە بەرزاییەکانن هێشتا بە ئەستەم ئاویان پێدەگات.

سیروان محەمەد میر راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هەشت مەتریان بڕیوە تا گەیشتوونەتە سەر حەوزی سەرچاوەی ئاوەکە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ کێشەکە بەتەواوی چارەسەر ببێت. ئەمساڵ ئەمە دووەم جارە بەهۆی رەنووی بەفرەوە کێشە بۆ دابەشکردنی ئاو لە چۆمان دروست دەبێت، بەڵام ئەمجارە کارەکان قورسترن چونکە رەنووەکە کەوتووەتە سەر حەوزی یەکەم کە سەرچاوەی سەرەکییە.

پڕۆژەی ئاوی چۆمان بە درێژایی 15 کیلۆمەتر تا سەنتەری قەزاکە دروستکراوە و ئاوی 9 گوند و 6000 هاوبەشی ئاو دابین دەکات. ئەو ناوچەیەی سەرچاوەی ئاوەکەی لێیە، ساڵانە چەندین مەتر بەفری تێدا کۆدەبێتەوە و لە هەر چوار وەرزی ساڵدا بەفری لێیە.