بن سەلمان و ترەمپ جەخت لەسەر دیپلۆماسی دەکەنەوە

ئاژانسی هەواڵی سعوودیە واس بڵاویکردەوە، محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و کاریگەرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، بەگوێرەی ئاژانسەکە، محەمەد بن سەلمان لە میانی پەیوەندییەکەدا جەختی لەسەر پێویستی پێشخستنی زمانی گفتوگۆ کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. راشیگەیاندووە، پێویستە هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوەیەک، رێگە خۆش بکات بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و رێگریکردن لە پەلکێشبوونی ناوچەکە بۆ ململانێیەکی فراوانتر کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەگاتە ئاستی نێودەوڵەتی.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ریاز و واشنتن و رێگەکانی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانیان لە بوارە جیاجیاکاندا کردووە.

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێرانی لەسەر داوای تاران و چەند وڵاتێکی ناوچەکە راگرتووە، ئەوەش بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی بەپەلە کە گەرەنتی کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکان بکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، هێزەکانی ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدا بوون بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران، بە شێوەیەک کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە وێنەی نەبووە.