دەنگۆی چۆڵكردنی بارەگانی حەشدی شەعبی لە مووسڵ رەتدەكرێتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی چۆڵكردنی بارەگای فەرماندەییەكانی حەشدی شەعبی لە مووسڵ، بەرپرسێكی پارێزگاكە رەتیدەكاتەوە و دەلێت، هیچ هەوڵێك نییە و ئەوەی هەیە تەنیا جوڵەی بەشێكی بازگەكانی حەشدی شەعبییە.

محەمەد كاكەیی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە كوردستان24 ی راگەیاند، ئەوەی لە بەشێكی میدیاكان باس دەكرێت كە گوایە فەرماندەییەكانی حەشدی شەعبی لە سەنتەری مووسڵ گواستراونەتەوە راست نیە، بەڵام دوای هێرشەكان و مەترسییە ئەمنییەكان لە ماوەی رابردوودا ، بەشێكی بازگەكانی حەشدی شەعبی لە سەنتەری شار دوور دەكەونەوە و گۆڕانكاری لە شوێنەكانیان دەكەن.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە رێگای ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواوە هەوڵێكیان هەیە بۆ ئەوەی تەواوی بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان و تەنانەت فەرماندەیی پۆلیسیش ببرێتە دەرەوەی شار.

ئەمەش لەكاتێكدایە هەفتەی رابروو بەهۆی هێرشی سعوودیە و ئەمریكا بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی عێراق و بەتایبەت لە مووسڵ، داوا كرا ئەو بارەگانە ببرێنە دەرەوەی شار.