ئەمریکا هۆشداریی دەداتە ئێران

ئەمریکا بۆ ئێران: ئاستی ئامادەباشیمان وەک جەنگی جیهانی دووەمە

وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی لەبەرزترین ئاستی ئامادەباشیدایە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ئاستە لە ئامادەکاری لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هاوشێوەی نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، پێیت هیگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئامادەیە بۆ جووڵە بە ئاستێک لە ئامادەباشی جیهان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بەخۆیەوە نەبینیوە. جەختیشی کردەوە، "هەموو شتێک بۆ جێبەجێکردن تەواو و ئامادەیە."

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد، بڕیارە ئەمڕۆ  دووشەممە گەڕێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێبکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران هەڵپەساردووە، بەو مەرجەی تاران بە خێرایی بگاتە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن.

ترەمپ رۆژی یەکشەممە لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "بە روونی دیارە کە ئێرانییەکان نایانەوێت رووبەڕووی هێرش ببنەوە، ئەوان ئاگاداری قەبارەی ئەو هێرشە بوون کە بۆیان ئامادەکرابوو، چونکە نیشانەکانیان بینیبوو."

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئێستا ئەوەی دەیکەین گفتوگۆیە لە چوارچێوەی دانوستاندا، کە بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێبکات."