راپرسییەکی نوێ: ئافرەتانی پارێزەر زیاتر لە پیاوان بەدەست دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەناڵێنن

وێنە: بە ژیری دەستکرد دروست کراوە
وێنە: بە ژیری دەستکرد دروست کراوە

نوێترین راپرسیی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە ئافرتانی پارێزەر بە بەراورد بە هاوپیشە پیاوەکانیان، رووبەڕووی ئاستێکی زۆر بەرزتر لە دڵەڕاوکێ، فشاری دارایی و خەمۆکی دەبنەوە، کە هۆکارە سەرەکییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ژینگەی کارکردن، جیاکاریی رەگەزی و ئەرکەکانی خێزان.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لە راپرسییەکی نوێی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەمریکادا کە 2,915 پارێزەر تێیدا بەشدار بوون، دەرکەوتووە کە 37%ـی ئافرەتانی پارێزەر تووشی دڵەڕاوکێ و دڵەخورپە دەبن، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە لای پارێزەرە پیاوەکان تەنیا 23% بووە. هەروەها توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە زیاتر لە 19%ـی پارێزەرە ئافرەتان ئاماژەیان بە هەبوونی نیشانەکانی خەمۆکی کردووە کە پێویستیان بە پشکنینی پزیشکی هەیە، بەراورد بە 15% لای پیاوان.

بەشداربووانی راپرسییەکە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەم فشارانەیان گەڕاندووەتەوە بۆ داواکارییەکانی سیستەمی کاتژمێرەکانی کارکردن، پێکهاتەی کارگێڕیی شوێنی کار، جیاکاریی رەگەزی، و قورسیی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ژیانی پیشەیی و تایبەتیدا. هاوکات، بەرپرسیارێتییەکانی تایبەت بە چاودێریکردن و بەخێوکردنی خێزانیش وەک هۆکارێکی تری فشارەکان دیاری کراوە.

لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر سەلماندوویانە کە پارێزەران بە گشتی، بە بەراورد بە خەڵکی ئاسایی و پیشەکانی تر، رێژەی ئالوودەبوون و کێشە دەروونییەکانیان بەرزترە، و سووتانی پیشەیی و فشارە دەروونییەکان لە ناو کایەی یاساییدا زۆر بەربڵاون. لیژنەی "ئافرەتان لە پیشەکەدا" سەر بە کۆمەڵەی پارێزەران ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم راپرسییە، یەکەمین توێژینەوەیە کە بە شێوەیەکی تایبەت سەرنج بخاتە سەر ئافرەتان لەم بوارەدا.

وردەکاریی و ئامارەکانی تری راپرسییەکە بەم شێوەیە بوون:

فشاری دارایی: 40%ـی ئافرەتانی پارێزەر هەست بە فشاری دارایی دەکەن، لە بەرامبەر کەمتر لە 30% لای پیاوان.

کێشە دەروونییەکان: 36%ـی ئافرەتان دەڵێن بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن، لە بەرامبەر 26%ـی پیاوان.

کێشەکانی خەو: تێکچوونی خەو لای ژئافرەتان زۆر بەربڵاوترە؛ 31%ـی ئافرەتان کێشەی کەمخەوییان هەیە، بەراورد بە کەمتر لە 19% لای پیاوان.

سەرەڕای ئەم ئامارانە، راپرسییەکە دەریخستووە کە ئافرەتانی پارێزەر زۆر بە دەگمەن سوود لە سەرچاوە و ناوەندەکانی تەندروستیی دەروونی وەردەگرن؛ ئەمەش بەهۆی ترسیان لە دزەپێکردنی نهێنییەکانیان، لەکەی کۆمەڵایەتی و مەترسییەکانی سەر داهاتووی پیشەکەیان.

لە کۆتاییدا، ئامادەکارانی راپرسییەکە داوا لە خاوەنکارەکان و دامەزراوە یاساییەکان دەکەن کە قورسایی سەر شانی پارێزەران کەم بکەنەوە، پێداچوونەوە بە مۆدێلی پارەدان بەپێی کاتژمێری کارکردن بکەن، بەردەوام هۆشیاری بڵاوبکەنەوە لەسەر ئەو فشارە تایبەتانەی رووبەڕووی ئافرەتان دەبنەوە، و سەرچاوەی متمانەپێکراو و نهێنی بۆ چارەسەری تەندروستیی دەروونی دابین بکەن.