سوپای پاسداران: دووکەشتی نەوتهەڵگر بەر مین کەوتن

هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو کەشتیی گەورە کە بە سەرپێچیکار ناوی بردوون، لە کاتی پەڕینەوەیان لە رێڕەوی مۆڵەتپێنەدراو لە گەرووی هورمز، بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان تەقیونەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزی دەریاییی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا، کە ئاژانسی "سپاه نیوز" بڵاویکردەوە، روونیکردەوە، دوای رووداوەکە کەشتییەکان لە باکووری دوورگەی غەنامی عومان و رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز وەستاون.

هاوکات دوێنێ یەکشەممە، هێزی دەریاییی سوپای ئێران لە بەیاننامەیەکی جیاوازدا رایگەیاند، دوو کەشتی نەوتی سەرپێچیکار بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز ئاگریان تێ بەر بووە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، کەشتییەکان بە پێچەوانەی هۆشدارییە پێشووەکان و دوای کوژاندنەوەی سیستمی ناسینەوە و هاتوچۆی دەریایی، چوونەتە "ناوچەی قەدەغەکراو" لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان ئاگر لە کەشتییەکان بەرببێت.

بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریاییی سوپای ئێران جەختی کردەوە، خاوەن و بەڕێوەبەرانی کەشتییەکان و ئەوانەی سەرپەرشتیی ئاراستەکردنیان دەکەن، ئەوانەی "گوێ بە هۆشدارییەکان نادەن و دوای کوژاندنەوەی سیستمەکانی هاتوچۆ لە ناوچە قەدەغەکراوەکاندا دەسوڕێنەوە"، بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی ئەو دەرەنجام و زیانانە هەڵدەگرن کە بەر کەشتییەکان نەوت دەکەوێت.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، ناوچەکە زنجیرەیەک رووداوی پەیوەندیدار بە کەشتی و کەشتییە بازرگانییەکان بەخۆیەوە بینی. لایەنە ئێرانییەکان و دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریاییی بەریتانیا رایانگەیاند، کەشتییەکان تووشی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە بوون.