کتێبێک دوای 150 ساڵ دۆزرایەوە دوای ئەوەی بە قەرز درابوو قوتابییەک
28 هەزار دۆلار غەرامەکەیەتی
کتێبێک کە لە ساڵانی 1870کاندا بە قەرز لە کتێبخانەیەکی گشتی لە ئوسترالیا وەرگیرابوو، دوای نزیکەی 150 ساڵ بە شێوازێکی ناوازە لە ناو سۆپایەکی مێژووییدا دۆزرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ سەر ڕەفەی کتێبخانەکە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی دەنگوباسی "ئەسۆشێتد پرێس (AP)"، رۆس سیمونز، خاوەن خانوویەکی مێژوویی لە شاری کیاما لە ویلایەتی نیو ساوس وێڵزی ئوسترالیا، لە کاتی ئەنجامدانی کاری چاکسازی لە خانووەکەیدا، کتێبەکەی لە ناو سندووقێکی تەنەکەی چادا دۆزیوەتەوە کە لە پشت سۆپایەکی دیواریی کۆنەوە بە خشت داخرابوو.
کتێبەکە ناونیشانی "شوێنەوارەکانی ئەسینا (Antiquities of Athens)"ی لەسەرە و لە ساڵی 1858دا چاپ کراوە. ئیدارەی کتێبخانەی گشتیی کیاما دەڵێت، بەپێی بەدواداچوونەکانیان ئەم کتێبە لە دەوروبەری ساڵانی 1870کاندا بە قەرز دراوە بە خوێنەرێک و دواتر بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک و نیو بێسەروشوێن بووە. سیمونز ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک سندووقەکەی دۆزیوەتەوە و بینیویەتی مۆر و ژمارەی زنجیرەیی کتێبخانەی کیامای لەسەرە، بڕیاری داوە بە زووترین کات بیگەڕێنێتەوە بۆ کتێبخانەکە.
میشێل هدسون، بەڕێوەبەری کتێبخانەی کیاما ڕایگەیاند، بەهۆی نەمانی تۆمارە مێژووییەکانی خواستن، ناتوانن ناسنامەی ئەو خوێنەرە یان هۆکاری شاردنەوەی کتێبەکە لە ناو سۆپەکەدا ئاشکرا بکەن. هودسۆن بە گاڵتەجاڕییەوە رایگەیاند، ئەگەر سزای دواکەوتنی گەڕاندنەوەی ئەم کتێبە بەپێی سیستمی دارایی کۆن هەژمار بکرایە، بڕەکەی دەگەیشتە نزیکەی 28 هەزار دۆلاری ئوسترالی، بەڵام کتێبخانەکە بڕیاری داوە هیچ سزایەک نەسەپێنێت و گەڕانەوەی ئەم بەرهەمە مێژووییە دەگمەنە بە دەستکەوتێکی زۆر گەورەتر لە پارە لە قەڵەم بدات.
بەڕێوەبەری کتێبخانەکە روونیکردەوە کە چیتر ئەم کتێبە بە قەرز ناداتەوە بە خوێنەران، بەڵکو وەک ئەرشیفێکی نایاب لە بەشی مێژووی ناوخۆیی کتێبخانەکەدا دەپارێزرێت تا مێژووی کتێبخانەکە و شارەکە بە دۆکیۆمێنت بکات.