ئایا پاشماوە ئەتۆمییەکان قرشێکی زەبەلاحیان دروستکردووە؟
کەناراوەکانی مۆنتۆک لە ویلایەتی نیویۆرک بوونەتە جێگەی گرنگیدانی گەشتێکی زانستیی دەگمەن، دوای دۆزینەوەی ئاسەواری هێرشی درندەی گەورە لەسەر نەهەنگ و ماسییەکان، کە گومان دەکرا بەهۆی کاریگەریی پاشماوە ئەتۆمییەکانەوە جۆرێکی جیاواز لە قرشی گۆڕدراوی جیناتی بە ناوی شارکزیلا دروست بووبێت.
گومانەکان کاتێک دەستیانپێکرد کە توێژەران ئاسەواری گازێکی گەورەیان بە تیرەی 61 سانتیمەتر لەسەر نەهەنگێکی پشتکوور دۆزییەوە، هەروەها برینێکی گەورە بە درێژایی 56 سانتیمەتر لەسەر جۆرە فۆکەیەکی رەساسی، و تێکشکاندنی توندی ماسییەکی تونا بە کێشی 181 کیلۆگرام.
ئەم پێشهاتانە لە چوارچێوەی بەرنامەی ناسراوی "Shark Week" لە کەناڵی "دیسکۆڤەری" پیشان دران، کە تێیدا تیمێکی زانستی بە سەرکردایەتیی شارەزای قروشەکان کریگ ئۆکۆنێل دەستیان بە گەشتێکی چاودێری کرد بۆ دیاریکردنی جۆری ئەم درندە نەناسراوە دوای نیگەرانییەکان لە گەڕانەوەی قرشە زەبەلاحەکان کە پێشتر بەهۆی راوکردنی زۆرەوە ژمارەیان کەمبووبووەوە.
ئۆکۆنێل پێی وابوو ئەم برینانە دەکرێت نیشانەی گەڕانەوەی قروشی زەبەلاح بن، بەڵام هاوکات گومانێکی جیاوازتری وروژاند؛ ئەویش ئەوەی کە کۆمەڵێک بەرمیلی پاشماوەی ئەتۆمی کۆن لە قووڵایی دەریادا دزەیان کردبێت و کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی جینیی ئەم قرشانە دروستکردبێت. بەهۆی قەبارە و هێزە گەورەکەیەوە، تیمەکە ناوی "شارکزیلا (Sharkzilla)"یان لەم قروشە نەناسراوە نا.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"، تیمەکە تەنیا 30 کاتژمێری لەبەردەمدا بوو بۆ دۆزینەوەی قرشەکە و بەستنی ئامێری چاودێری پێوەی. گەشتەکە لە 20ی ئەیلوولی 2025 بە فەرمی دەستیپێکرد.
گەڕانەکە تیمەکەی گەیاندە ناوچەی "ئەخدودی هێدسن" لە دووریی 161 کیلۆمەتر لە مۆنتۆک، کە دۆڵێکی دەریایی قووڵە و قووڵاییەکەی لە 274 مەترەوە دەستپێدەکات تا 1,219 مەتر و جێگەیەکی گونجاوە بۆ درندە گەورەکانی زەریای ئەتڵەسی. بەپێی گوتەی ئۆکۆنێل، لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا نزیکەی 15 هەزار بەرمیلی پاشماوەی ئەتۆمی فڕێدراونەتە ناو ئەم دۆڵە دەریاییەوە و پشکنینەکان نیشانی دەدەن کە دزەیان کردووە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە پەیوەندیی نێوان ئەم پاشماوانە و گۆڕانی جینیی قرشەکە تەنیا گریمانەیەک بووە.
پاش بەکارهێنانی کامێرای پێشکەوتوو لە قووڵایی زیاتر لە 183 مەتر، کامێراکان سەرەتا راستییەکی گەورەیان تۆمارکرد کە لە تاریکییەوە دەردەکەوێت، بەپێی خەمڵاندنەکان قروشێکی سپی گەورەی مێینە بووە، و دواتر چەند قروشێکی جۆری "ماکۆ" و سێبەرێکی زەبەلاح دەرکەوتن.
لە کۆتایی گەشتەکەدا، توێژەران توانییان ئامێری چاودێری بە قروشێکی مێینەی ماکۆوە ببەستن و نموونە لە شانەکانی وەربگرن. پشکنینە تاقیگەییەکان دەریانخست کە هیچ ئاسەوارێکی گۆڕانی تیشکدەر یان بازدانی جینی لە شانەکانیدا نییە، بەمەش ئەو دەنگۆیەی بڵاوکرابووەوە سەبارەت بە بوونی قرشێکی گۆڕدراوی ئەتۆمی بە ناوی "شارکزیلا" بە تەواوی رەتکرایەوە.