کۆگای کارگەیەک لە باشووری تاران تەقییەوە
دەنگی تەقینەوەیەک بەهێز لە باشووری تاران بیسترا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکاوە، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی ناوچەکە بڵاوبووەتەوە.
داوود وەلی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی شاری پیشەسازی شەمسابادی تاران ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی ئابی 2026، بە ئاژانسی ئێرنای راگەیاندووە، تەقینەوەکەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆگای کارگەیەکی پیشەسازی ئەلەمنیۆم بووە لە ناوچەی فەشافویەی شارۆچکەی رەی پارێزگای تاران بووە.
هەروەها ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی تەقینەوەکە دووکەڵ لە کۆگاکە بەرزبووەتەوە و دەنگۆی هێرشی ئاسمانی دانیشتووانی دەوروبەری ناوچەکەی نیگەران کردووە.
لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵی ناوخۆی ئێران دیمەنی شڵەژانی خەڵکیان لە ناوچەکانی نزیک تەقینەوەکە بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەیداوە، کە سەرچاوە تەقینەوەکە نەزانراوە.
دەنگی ئەم تەقینەوە بەهێزەی ئەمڕۆی باشووری تاران و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هێرشی ئاسمانی لە کاتێکدایە، کە زیاتر لە 72 کاتژمێرە هیچ هێرشێک لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران نەکراوە، ئەمە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە، کە یەکشەممە، 2ـی ئەم مانگە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد، داوای لێکردبوو پێویستە هێرشەکان رابگیرێن بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و هەوڵە دیپلۆماسییەکان برەخسێنرێت.