ئەمڕۆ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، دواتریش بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، دەچێتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و باس لە کۆمەڵێک بابەتی گرنگی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەن، دوای تەواوبوونی ئەو کۆبوونەوەیەش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاتژمێر هەشتی شەو بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دەکات.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی هەرچوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵێک بابەت باس دەکرێن، بەتایبەت سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ سعوودیە.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح بە كوردستان24ـی راگەیاند "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی عێراق، سەردانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و ئێران و هەنگاوەکانی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت دەکرێت.
بڕیاریشە هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە دۆخی ئەمنی بکرێت، بەتایبەتی دوای هێرشە هاوبەشەکانی سعوودیە و ئەمریکا لە 29ی تەمووزدا، کە بارەگاکانی حەشدی شەعبییان لە چەند پارێزگایەکی عێراق کردە ئامانج و بەهۆیەوە 20 چەکداریان کوژران و 32ی دیکەش بریندار بوون."
سەبارەت بە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ سعوودیە، تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی رەزامەندی لەسەر سەردانەکەی نەداوە.
ئەبو میساق مەساری ئاماژەی بەوەش کرد "تا ئێستا سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعوودیە هەڵنەوەشاوەتەوە و بڕیارە سەردانەکەی بکات، بەڵام ناڕەزایەتیی توند لەبارەی ئەو سەردانە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، خەڵک و کۆمەڵگەی عێراقیدا هەیە، بۆیە رەنگە دوا بکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی عێراق لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە سعوودیەی ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە لە خاکی عێراقەوە بە درۆن هێرش کرابێتە سەر سعوودیە؛ لەبەر ئەوە، ئەم رووداوە پێویستی بە داوای لێبوردن هەیە تا عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا تۆمار نەکات، کاتێکیش دۆخی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی بووەوە، دەتوانرێت لە رێگەی شاندە دیپلۆماسییەکانەوە زەمینە بۆ سەردانی زەیدی بۆ سعوودیە خۆش بکرێت."