وەزارەتی پێشمەرگە مەرجەکانی هەژمارکردنی خزمەتی سەربازی ساڵێک بە دوو ساڵی راگەیاند

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی "ساڵێک بە دوو ساڵ" لە نێوان ساڵانی 1992 تا 2024 دەربڕیوە؛ بڕیارەکە ئارەزوومەندانەیە و بە مەرجی گەڕاندنەوەی بڕە پارەیەک و نەگوێزرانەوەی ڕاژەیە بۆ سێکتەری شارستانی.

چوارشەممە 5ی ئابی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت بە چۆنیەتی رێکخستنی ماوەی خزمەت، رەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێک بە دوو ساڵ) "دوو چەندانە" دەربڕی، ئەم بڕیارە بە مەبەستی رێکخستنەوەی راژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم دراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ​بەپێی ناوەڕۆکی ئەو نووسراوەی، ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە، ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە رێکەوتی 4ـی تەممووزی 1992، لە راگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایهێنان بە راژەکانیان.

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ تا رێکەوتی 31ـی کانوونی یەکەمی 2024 دیاریکراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ​پرۆسەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێک دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بداتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هەر پێشمەرگەیەک پێویستە %10ی مووچەی بنەڕەتیی 10 ساڵ بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی 3 ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەکە دەگاتە شەش ملیۆن و 336 هەزار دینار.

وەزارەتی پێشمەرگە روونیشی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێک کە پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری فەرمی بۆ هەژمارکردنی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات

​سەبارەت بە گواستنەوەی راژە، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا دەکات؛ بەجۆرێک ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنیەکانەوە راژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە، بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.