عێراق بە فەرمی یاسای دژەتیرۆر و سزاکانی راگەیاند

راگەیاندنی ئەم یاسایە لە لایەن عێراقەوە بۆ ئەوەیە هەمووان ئاگاداری بڕگەکانی بن و بەبێ ئاگاداری یان لەژێر ناوونیشانی جۆراوجۆردا تێوەنەگلێن لە پاڵپشتیکردنی تیرۆر و تیرۆریستان.

پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، حکوومەتی عێراق، بە فەرمی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سزاکانی بڵاوکردووە، ئاماژە بەوەکراوە، بڵاوکردنەوەی ئەم رێکار و یاسایانە بۆ ئەوەیە هیچ کەسێک بە بیانوو و ناونیشانی جیاواز لە کردەوەی تیرۆریستی تێوەنەگلێت و پاڵپشتی تیرۆر نەکات. 

رێنمایی و پێناسەکانی یاساکە بەم شێوەیەن:

1- رەفتاری تیرۆریستی بریتییە لە هەر کارێکی تاوانکاری کە تاکێک یان گروپێکی رێکخراو ئەنجامی بدەن و تاکەکان، گروپەکان، دامەزراوە فەرمییەکان یان نانەفەرمییەکان بکەنە ئامانج و زیان بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بگەیەنن بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش، یەکڕیزی نیشتمانی، نانەوەی ترس و تۆقاندن یان دروستکردنی پشێوی.

2- رێگری دەکرێت لە هەر هەوڵێکی تێکدان، رووخاندن یان زیان گەیاندن بە ئەنقەست بە باڵەخانە و دامەزاروەی گشتی، بەرژەوەندییە حکوومییەکان، فەرمانگەکان، کەرتی تایبەت یان شوێنە گشتییەکان کە بۆ بەکارهێنانی خەڵک تەرخان کراون، هەروەها هەوڵی داگیرکردنیان یان رێگریکردن لە بەکارهێنانیان بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری.

3- رووبەڕووبوونەوەی هەر کارێک ببێتە هۆی نانەوەی فیتنەی تائیفی، جەنگی ناوخۆیی یان شەڕی مەزهەبی لە رێگەی چەکدارکردنی هاووڵاتییان، هاندانیان بۆ چەک هەڵگرتن دژی یەکتر، یان دابینکردنی دارایی بۆ ئەم مەبەستانە.

4- رەفتاری توندوتیژی و هێرشی چەکداری بۆ سەر بنکەکانی سوپا، پۆلیس، ناوەندەکانی خۆبەخشین، فەرمانگە ئەمنییەکان، یان هێرشکردنە سەر کەرتە سەربازییەکان، هێڵەکانی پەیوەندی و سەربازگەکان بە مەبەستی تیرۆریستی.

5- رێگری و پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق لەگەڵ هەموو دامەزراوە عێراقییەکان، کۆمپانیا عەرەبی و بیانییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییە حکوومی و نانە حکوومییەکان جەختی لێکراوەتەوە و هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەریان بە تاوانی تیرۆریستی دادەنرێت.

6- رفاندن یان بەندکردنی کەسەکان و سنووردارکردنی ئازادییان بە مەبەستی وەرگرتنی سەرانە یان بۆ مەبەستی سیاسی، تائیفی، نەتەوەیی، ئایینی یان رەگەزی کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و یەکپارچەیی نیشتمانی.

رێکارەکانی سزا لە یاساکەدا:

1-  رێگەی سزای سێدارە (لە سێدارەدان) دەگیرێتە بەر بۆ هەر کەسێک کە وەک ئەنجامدەری سەرەکی یان هاوبەش یەکێک لەو کارە تیرۆریستییانە ئەنجام بدات، هەروەها هەمان سزا دەیانگرێتەوە ئەگەر هاندەر، پلاندانەر، دابینکاری دارایی بن یان هاوکاری تیرۆریستان بن بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە.

2- رێکاری سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە بە ئەنقەست هەر کارێکی تیرۆریستی دەشارنەوە یان حەشارگە و پەناگە بۆ تیرۆریستان دابین دەکەن بە مەبەستی پاراستنیان.