یونیسێف: لە ماوەی 300 رۆژی ئاگربەستدا 300 منداڵ لە غەززەدا کوژراون
رێکخراوی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە لانی کەم 300 منداڵ لە ماوەی 300 رۆژی رابردوودا و دوای راگەیاندنی ئاگربەستی ئۆکتۆبەری 2025 کوژراون.
رێکخراوی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ئامارێکی شۆکهێنەری لە بارەی ژمارەی قوربانییانی منداڵ لە کەرتی غەززە ئاشکرا کرد و رایگەیاند: کە لانی کەم 300 منداڵ لە ماوەی 300 رۆژی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە، لەو کاتەوەی لە ئۆکتۆبەری 2025ـەوە رێککەوتنی ئاگربەست راگەیەنراوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئامارە بەو واتایەیە کە رۆژانە منداڵێک دەکوژرێت، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی 10 مانگ بەسەر رێککەوتنی راگرتنی کارە سەربازییەکان و رێگەدان بە چوونە ژوورەوەی تەواوی هاوکارییە مرۆیی و فریاگوزارییەکان تێدەپەڕێت.
ئێدوارد بیجبیدەر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، رایگەیاند: "ئەو ئاگربەستەی کە بە تێکڕا رۆژانە منداڵێکی کوژراو بەجێبهێڵێت، نەک هەر ناتەواوە، بەڵکو بە تەواوی پشتی لە مافەکانی منداڵان کردووە".
گوتیشی: "جگە لە برینداربوونی سەدان منداڵی دیکە، کە زۆربەیان برینەکەیان سەختە، هێشتا منداڵانی غەززە چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ئەو توندوتیژییەن کە پێشتر بەڵێنیان پێدرابوو".
خێزانەکان ئێستا لە دۆخێکی کارەساتباردا دەژین، بە شێوەیەک کە لە ناوچەیەکی بچووکدا کە سێیەکی رووبەری کەرتی غەززە تێناپەڕێنێت کۆبوونەتەوە و، لە ناوچەی نائارامدا لە نێوان باڵەخانە رووخاوەکان، داروپەردوو و پاشماوە رەقە کەڵەکەبووەکاندا پەناگەیان گرتووە.
لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا، منداڵان هێشتا رووبەڕووی بەدخۆراکیی توند، نەخۆشی، کەمبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە و نەبوونی سیستمی ئاوەڕۆی تەندروست دەبنەوە، کە بە تەواوی ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.
سەرەڕای ئەم دۆخە تاریکە، بیجبیدەر ئومێدێکی کەمی نیشاندا بەو راگەیاندنانەی لە رۆژانی رابردوودا بڵاوکرانەوە، کە تێیدا "نەخشەڕێگریەک بۆ قۆناخی داهاتووی ئاگربەست دیاریی دەکەن، لەوانەش هەنگاوەکان بەرەو کۆتاییهێنانی توندوتیژییەکان و فراوانکردنی چوارچێوەی هاوکارییە مرۆییەکان". جەختیشی کردەوە کە "ئەمە هیوایەکی نوێ و دەرفەتێک دەبەخشێت بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی منداڵان".
یونیسێف داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە پابەندی بەڵێنەکانیان بن بە پێی یاسای نێودەوڵەتی، لەوانەش یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای مافەکانی مرۆڤ، داوای لێکردن منداڵان بپارێزن و دڵنیابن لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان لە چاودێری تەندروستی، خوێندن، ئاوی پاک و خۆراک، لەگەڵ ئاسانکاری بۆ گەیاندنی خێرا و بێبەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ منداڵانی پێویست.