گرفتی کەمئاوی سلێمانی بەردەوامە
سەرەڕای بەڵێنەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا پەمپە شکاوەکانی هێڵی دووی دوکان-سلێمانی نەکەوتوونەتەوە کار و دانیشتووانی چەندین گەڕەک لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئابی 2026، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند؛ بڕیار وابوو ئەمڕۆ شەممە ئەو سێ پەمپەی هێڵی دووی ئاوی دوکان-سلێمانی پێشتر شکابوون، بکەونەوە کار و کۆتایی بە گرفتی ئەو گەڕەکانە بهێنرێت کە زیاتر لە مانگێکە کێشەی کەمئاوییان هەیە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکان هێشتا کێشە تەکنیکییەکان بەردەوامن.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لە پەیوەندییەکی نوێدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، پێیان راگەیاندووە: "تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی پەمپەکان دەکەونەوە کار، چونکە هەندێک وردەکاری تەکنیکی ماوە و بەرچاون روون نییە، ئایا ئەمڕۆ یان رۆژانی داهاتوو دەستبەکار دەبنەوە."
ئەم دواکەوتنە لە چاککردنەوەی پەمپەکان، نیگەرانییەکی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هەندێک گەڕەکی سلێمانی ماوەی شەش رۆژە ئاو دابەش نەکراوە، ئەمەش لە وەرزی گەرمای هاویندا هاووڵاتییانی تووشی گرفتێکی زۆر کردووە. لە رۆژانی رابردوو دا سێ بۆ چوار رۆژ دوو بۆ سێ کاتژمێر ئاویان پێ دەدرا، بەڵام ئێستا بووە بە شە ش رۆژ جارێک و کاتژمێرەکەشی کەم بووەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەفتەی رابردوو دانیشتووانی گەڕەکی قڕگە بەهۆی بێئاوییەوە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. هەرچەندە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوەوە بەڵێنیان پێدرابوو، لەم هەفتەیەدا کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و دابەشکردنی ئاو ئاسایی نەبووەتەوە.
بەهۆی کارنەکردنی ئەو سێ پەمپەی هێڵی دووی دوکان-سلێمانی، ئێستا فشارێکی زۆر لەسەر تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو هەیە و بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شارەکە بەدەست کەمئاوییەوە گرفتارن.