هۆشداریی دەدرێتە شۆفێران لە بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی لێخوڕیندا

سەرقاڵبوونی شۆفێران بە بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی لێخوڕیندا، سەرەڕای رێکارەکانی هاتوچۆ و چاودێری کامێراکان، هێشتا وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ رووداوەکانی هاتوچۆ ماوەتەوە.

کامێراکانی چاودێری هاتوچۆ رۆڵێکی بەرچاویان لە کەمکردنەوەی تیژڕەوی و رێکخستنی شەقامەکاندا هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرقاڵبوونی شۆفێران بە مۆبایلەوە هێشتا یەکێکە لە ترسناکترین هۆکارەکانی روودانی کارەساتی هاتوچۆ.

لە شاری هەولێر کامێرای جیاواز بۆ تۆمارکردنی راستەوخۆی یاساشکێنییەکانی وەک بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنەی پارێزراوی نییە، بەڵام ئەگەر شۆفێرێک یاسای خێرایی ببەزێنێت، کامێراکە وێنەی دەگرێت، لەو کاتەشدا شێوازی یاساشکێنییەکانی دیکەی بە روونی دەردەکەون، پێبژاردنی دارایی بۆ تۆمار دەکرێت.

ئەرسەلان فەقیانی، یەکێک لە شۆفێرەکان، بە شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، رووداوی هاتوچۆ تەنیا لە چەند چرکەیەکدا روودەدات، دەڵێ: "ئەگەر بۆ 10 چرکە ئاگات لە شەقامەکە نەبێت، رەنگە منداڵێک بێتە بەردەمت یان خۆت بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا بکێشیت، ئەمەش دەبێتە هۆی کوشتن و بەندکردن." ئەو شۆفێرە داوا دەکات سزای ئەو کەسانە توندتر بکرێت مۆبایل لە کاتی لێخوڕیندا بەکاردەهێنن.

لەلایەکی دیکەوە، رەنجدەر سیان، شۆفێرێکی دیکەیە، باس لەو دیمەنانە دەکات رۆژانە دەیانبینێت: "بەشێکی زۆر لە شۆفێران دەستێکیان لەسەر جڵەوە و دەستەکەی دیکەیان بە مۆبایلەوەیە، خەریکی مۆبایلن و سەرتاپای بیر و هۆشیان لای مۆبایلەکەیانە، نەک شەقامەکە و شۆفێرییەکە."

هەر لەم راپۆرتەدا، شۆفێران (هەردی تۆفیق، کەریم غەفوور و رێبین فەتاح) هاوڕان پێویستە شۆفێر خۆی لەم کارە بەدوور بگرێت. 

هەردی تۆفیق رێنوێنی شۆفێران دەکات بۆ بێوەیی گیانی خۆیان و کەسانی دیکە، باشترە لە کاتی ناچارییدا ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ چەند خولەکێک لە کەناری شەقام رابگرن، دواتر درێژە بە رێگاکەیان بدەن. هاوکات کەریم و رێبین دووپاتی دەکەنەوە ئەوان زۆر بە کەمی، تەنیا لە باری زۆر پێویستدا مۆبایل بەکاردەهێنن.