گفتوگۆی تەواوكردنی كابینەی عەلی زەیدی دەستیپێكردووەتەوە

ئەندامێکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند: گفتوگۆی تەواوكردنی كابینەی عەلی زەیدی دەستیپێكردووەتەوە و رێككەوتن لەسەر چوار جێگر بۆ سەرۆكوەزیران كراوە.

باسم عێگلی ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، بە كوردستان24ـی راگەیاند: گفتوگۆکانی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عەلئ زەیدی دەستی پێكردووەتەوە، بەڵام ئەنجامی یەكلاكەرەوە نەبووە.

دەشڵێت: پرسی چوار جێگر بۆ سەرۆكوەزیران لەسەر مێزی چوارچێوەی هەماهەنگییە، دوو جێگر بۆ شیعە، یەک  بۆ سوننە و یەک بۆ کورد دەستنیشان کراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان 24 کاندیدەکان یەکلانەکراونەتەوە، بەڵام ناوی هەریەک  لە موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری و گەشەپێدان،  لەیس خەزعەلی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە شیعە ناویان دێت، لە سوننەکانیش محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاورباری نەوت و کارەبا.

 باسی لەوەش کردووە، دیاریکردنی ئەو کەسایەتییانە تەنیا گفتوگۆی لە بارەوە کراوە، بەڵام رێککەوتن و رەزامەندی کۆتایی لەسەر کاندیدەکان نەدراوە. 

هاوکات عەبدولڕەحمان جەزائیری سەکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە کوردستان 24ـی راگەیاند: لە دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەرێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتن لەسەر چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران کراوە؛ بەڵام کاندیدەکانیان یەکلا نەبووەتەوە.

جەخت لەوەش دەکاتەوە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەزارەتی ناوخۆ وەردەگرێت، بەڵام تا ئێستا کێشە لەسەر کاندیدەکە هەیە.