دانیشتووانی دوورگەیەکی ئیسپانیا دژی زۆربوونی گەشتیاران رژانە سەر شەقام
دانیشتووانی دوورگەی مایۆرکای ئیسپانیا بەهۆی زۆربوونی لێشاوی گەشتیارانەوە دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد و داوا دەکەن سنوورێک بۆ ئەو جەنجاڵییە دابنرێت، پێیان وایە ژیانی ئاساییان تێکچووە و قەیرانی نیشتەجێبوون رووی تێکردوون.
ماوەی چەند رۆژێکە لە دوورگەی مایۆرکای ئیسپانیا خۆپێشاندانە، بەڵام لە دژی خراپیی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکوو لەدژی زۆرهاتنی گەشتیارانە. زیاتر لە 2500 کەس لە دانیشتووانی شارۆچکەی سۆلیێر لە دوورگەکە رژاونەتە سەر شەقام و دەڵێن، ئیدی بەسە و تا سەر لووتیان هاتووە.
خۆپێشاندەران ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانەوە شوێنەکەیان خەریکە شێوەی خۆی لەدەست دەدات، بۆ خزمەتکردنی گەشتیاران بەشێک لە دوکان و گەڕەکەکانیان لەناو دەبردرێن.
تۆنی ماتێوس، دانیشتووی شارۆچکەی سۆلیێر دەڵێت، "ئەمە ناڕەزایەتی نییە لەدژی گەشتیاری، بەڵکوو لەدژی زۆرهاتنی گەشتیارانە. لە 20 ساڵی رابردوودا گەشتیاری بێسنوور گەشەی کردووە، ساڵی 2000 تەنیا 10 ملیۆن گەشتیار دەهاتن، بەڵام ساڵی 2025 ژمارەکە گەیشتە 20 ملیۆن گەشتیار. بۆیە دەبێت بگەینە رادەیەک بڵێین ئیدی بەسە و پێویستە سنوورێک بۆ زۆرهاتنی گەشتیاران دابنرێت، دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە".
رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە باسیان لەوە کرد هێدی هێدی دوکان و گەڕەکەکانیان لەناو دەبردرێن تاوەکو شوێنی شیاوتر بۆ گەشتیاران دروست بکرێت، هەروەها کەمبوونەوەی هاتوچۆی گشتی و شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل دۆخەکەی خراپتر کردووە.
سۆفیا زامریک، ئەندامی رەوتی گەنجانی سۆلیێر گوتی، "لەگەڵ ئیلێس بالیارس ئێن ڤیدا ئەو چالاکییەمان رێکخست، لەبەرئەوەی سۆلیێر گەیشتووەتە سنووری خۆی و دۆخەکە لە سەرانسەری دوورگەکە بەو جۆرەیە. رۆژانە جەنجاڵیی هاتوچۆ هەیە، ژیانی ئاسایی تێکچووە و ناتوانین ماڵێکی شیاو بدۆزینەوە، هەمووی بەهۆی گەشتیارانەوە کوالێتی لەدەست داوە. دەبوو چەندین ساڵ لەمەوبەر گۆڕانکاری کرابا، ئامانجمانە دامەزراوەکان گوێبیستمان بن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر".
کەرتی گەشتیاری سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئیسپانیایە. ساڵی 2025 نزیکەی 97 ملیۆن گەشتیار سەردانی ئیسپانیایان کرد و بەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرا. بەڵام خەڵکی دوورگەی مایۆرکا لەو دۆخە بێزارن و داوا دەکەن لێشاوی هاتنی گەشتیاران رێک بخرێت.