دانەر عەبدولغەفار: پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابینکراوە
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بودجەی پێویستی بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین کردووە و لە رۆژانی داهاتوودا بڕیار لەسەر ناردنی دەدرێت.
یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دوای پەیوەندیکردنیان بە فەرمانگەکانی ژمێریاری، بودجە و نووسینگەی فەرمیی وەزیری دارایی عێراق، دڵنیایان کردوونەتەوە کە پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و تێکڕای رێکارە ئیداری و یاساییەکان کۆتایییان هاتووە و تەنیا بڕیاری کۆتایی بۆ خەرجکردنی پارەکە ماوەتەوە.
سەبارەت بە چۆنیەتی ناردن و دابەشکردنی بودجەکە، دانەر عەبدولغەفار روونیکردەوە: "خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت بە هەمان شێوازی مانگەکانی پێشوو دەبێت، واتە بڕی 120 ملیار دیناری لێ دەبڕدرێت و باقیی پارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا، بڕیاری فەرمی و کۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە بدرێت.