بووکەڵەیەکی سێکسی لە ئوستراڵیا هەرای نایەوە
پۆلیسی ئوسترالیا دەستەیەکی لە لێکۆڵەرانی تاوان و شارەزایانی دادپزیشکی پێکهێنا، ئەمەش بەهۆی دۆزینەوەی بووکەڵەیەکی سێکسی هاوشێوەی مرۆڤ لە نێو جانتایەکدا و گومان دەکرا لاشەی ژنێکی کوژراو بێت.
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئابی 2026، دوو پیاو لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی دوورەدەستی هەرێمی "نیو ساوس وێڵز"ـی ئوسترالیا رووبەرووی جانتایەکی فڕێدراو بوونەوە. گومانیان برد پڕ بێت لە لاشەی مرۆڤ، دوابەدوای ئەوەش دەستبەجێ پۆلیسیان ئاگادار کردەوە.
بەهۆی گومانی بەهێز لەسەر بوونی تاوانی کوشتن، پۆلیس هێزێکی تایبەت و دەستەی دادپزیشکی بۆ شوێنی رووداوەکە نارد بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی بابەتەکە.
کەناڵی "ئەی بی سی" ئوسترالی بڵاویکردەوە، پشکنینە پزیشکییەکان بە زوویی دەریانخست نێو جانتاکە لاشەی مرۆڤ نییە، بەڵکوو بووکەڵەیەکی سێکسییە و بە رادەیەکی زۆر هاوشێوەی مرۆڤێکی راستەقینە دروست کراوە.
لیندا برادبەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەرێمی "نیو ساوس وێڵز" بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە سەرەتادا وا تێگەیشتن لاشەی مرۆڤ بێت، چونکە لە رووی شێواز و دیمەنەوە زۆر لە پاشماوەی جەستەی مرۆڤ دەچوو.
پۆلیس روونکردنەوەی دا بووکەڵەکە جلوبەرگی لەبەردا بووە و قژ و پیرسینگی لووتی هەبووە. ئەوەی زیاتر پۆلیسی تووشی گومان کردبوو بوونی چەند نیشانە و پەڵەیەک بوو لەسەر جەستەی بووکەڵەکە و رێک لە شینبوونەوە و رووشانی جەستەی مرۆڤ دەچوون لە کاتی کوشتندا.
دوای دەرکەوتنی راستییەکان و ناسینەوەی بووکەڵەکە، پۆلیسی ئوسترالیا ئاشکرای کرد لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم دۆسیەیە بە تەواوی کۆتاییان هاتووە.