زانا هۆڵەندییەکە هۆشداریی لە بوومەلەرزەیەکی بەهێز دەدات
فرانك هۆگربیتس، زانای ناوداری هۆڵەندی، هۆشدارییەکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر ناوچەی فرانتشای لە رۆمانیا بهەژێنێت.
هۆگربیتس لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئاماژەی کردووە، رۆمانیا "بە هێواشی بەڵام بە شێوەیەکی جێگیر بەرەو بوومەلەرزەی داهاتوو هەنگاو دەنێت". بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئەم زانایە، پێشبینی دەکرێت گوڕی بوومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکە لە نێوان 7 بۆ 7.9 پلە بێت بەپێی پێوەری ڕێختەر.
ئەم هۆشدارییەی هۆگربیتس لەکاتێکدایە، نزیکەی 40 ساڵ بەسەر بوومەلەرزەکەی ساڵی 1986 تێپەڕیوە کە گوڕەکەی 7.2 پلە بوو. زانا هۆڵەندییەکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی تیۆرییەکەی، پشتی بە ماوەی نێوان بوومەلەرزە بەهێزەکانی رابردووی ناوچەکە بەستووە و دەڵێت؛ لە ساڵی 1940 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە روویداوە، دواتر لە ساڵی 1977 واتە دوای 37 ساڵ بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 7.5 پلە روویداوە.
هۆگربیتس جەختی کردەوە، بەهێزترین بوومەلەرزەی ناسراو کە تا ئێستا ناوچەی "فرانتشا"ی هەژاندبێت، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1802 گوڕەکەی بە 7.9 پلە خەمڵێنراوە.
جێی ئاماژەیە، هۆگربیتس بەهۆی پێشبینییەکانی بۆ چالاکییە بوومەلەرزەییەکان کە زۆرجار دەیانبەستێتەوە بە جوڵەی هەسارەکان و ئەستێرەکان، هەمیشە دەبێتە جێی باسی میدیاکان، هەرچەندە ناوەندە زانستییە جیهانییەکان تا ئێستا گومانیان لە وردی ئەو شێوازە هەیە بۆ دیاریکردنی کاتی وردی روودانی بوومەلەرزە.