بلومبێرگ: ئیمارات دەیەوێت ئەرکی هەناردەی نەوتی عێراق بە رێگەی هورمز بگرێتە ئەستۆ

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ئەدنوک) پێشنیاری کردووە ئەرکی گواستنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی ستراتیژیی گواستنەوەی کورت مەودا بۆ گەیاندنی نەوتی خاوی بەسرە و جۆرەکانی دیەکەی نەوت بۆ پاڵاوگە ئاسیاییەکان.

چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاند، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ئەدنوک) وەك سەرکەوتووترین بەرهەمهێنەر لە دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی کەنداو دادەنرێت، ئەویش بە پشتبەستن بە تەکنیکی گواستنەوەی کورت مەودا، کە تیایدا کەشتییەکان گەشتی کورت ئەنجام دەدەن و زۆرجار ئامێرەکانی پەیوەندی و دیاریکردنی شوێن دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە دەستنیشانکردنیان، پێش ئەوەی بارەکانیان رادەستی کەشتیی دیکە بکەن لە دەرەوەی ناوچەی کەنداو.

بەپێی زانیارییەکانی بلومبێرگ، ئەدنوک لە چەند رۆژی رابردوودا باری نەوتی خاوی پێشکەشی کڕیارە ئاسیاییەکان کردووە و هەمان شێوازی بۆ گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێنەرانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکارهێناوە، بەتایبەت نەوتی عێراق.

تا ئێستا کۆمپانیاکانی فیتۆڵ گروپ و تۆتاڵ ئینێرجیز دیارترین گواستەرەوەی نەوتی عێراق بوون، بەڵام پێشنیارەکەی ئەدنوک رەنگە کاریگەریی لەسەر جووڵەی هەناردەکردن هەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و هێرشکردنە سەر چەندین کەشتی لە گەرووی هورمز لە هەفتەی رابردوودا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی بەربەستی زۆر بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) داشکاندنی زۆر گەورەی پێشکەشی ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە ئامادەن لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕن، بە جۆرێك داشکاندنی هەر بەرمیلێك نەوت گەیشتووەتە نزیکەی 30 دۆلار لە خوار نرخی بازاڕەوە، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ هاندانی کڕیاران و بەردەوامیی هەناردەکردن سەرەڕای مەترسییە ئەمنییەکان.