نوجەبا: پرسی کۆکردنەوەی چەک تەنیا هێزەکانی بەرەی مقاوەمە دەکاتە ئامانج
گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق ئاشکرای کرد، بزووتنەوەکەیان بە هیچ شێوەیەک چەکەکانی رادەستی دەوڵەت ناکات و، پرسی کۆکردنەوەی چەک پلانێکی ئەمریکی-ئیسرائیلییە دژی هێزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی.
چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، حوسێن عەلی مووسەوی، گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'روسيا اليوم'، ئاماژەی بەوە کرد، پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، تەنیا چەکەکانی بەرەی مقاوەمە دەکاتە ئامانج، ئەمەش بە فەرمان و داواکاریی ئەمریکا و ئیسرائیلە.
گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، بزووتنەوەکەیان بە هیچ شێوەیەک چەکەکانی خۆی رادەست ناکات.
هەروەها گوتیشی: "پرسی دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەلایەن لایەنە فەرمییەکانەوە راگەیەنرا، شانۆگەرییەکی دروست کراوە و هیچ راستییەکی تێدا نییە."
موسەوی جەختی لەوەش کردەوە، "نزیکەی 15 هەزار چەکداری پارتی کرێکاران (پەکەکە) لە شنگال هەن کە خاوەنی چەکی مامناوەند و قورسن."
گوتەبێژی بزووتنەوەکە دەشڵێت: "رێککەوتننامە ئابوورییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، عێراقیان لە قۆناخی داگیرکاریی سەربازییەوە گواستووەتەوە بۆ قۆناخی داگیرکاریی ئابووری."