لە سلێمانی دابەشکردنی ئاو ئاسایی بووەوە
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی کۆتاییهاتنی قەیرانی دابەشکردنی ئاوی لە سلێمانی راگەیاند و دابەشکردنی ئاو بۆ سەرجەم گەڕەکەکان ئاسایی بووەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "کێشەی سەرەکی شکانی بۆری ئاوی دووکان - سلێمانی و دروستبوونی قەیرانی ئاو، پەیوەست بوو بە لەکارکەوتنی سێ پەمپی کۆنی پڕۆژەکە".
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکە، ئامانج جەلال گوتی: "سێ پەمپی نوێ بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیار دینار دابین و جێگیر کران، بەمەش پرۆسەی دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی روونیکردەوە، دوای شکانی بۆرییەکە لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئاو بۆ بەشێکی زۆری سلێمانی گەڕێندرایەوە، بەڵام گەڕەکەکانی کانی با، قڕگە، سێتوان، کازیوە و ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی شەقامی 60 مەتری، لە ئەمڕۆوە کێشەی ئاویان چارەسەر بووە و ئاویان بۆ گەڕێندراوەتەوە.