چۆن شکستە کارگێرییەکان قەیرانی کەشوهەوایان لە عێراق قوڵتر کرد؟
لە کاتێکدا زەوی گەرمترین مانگی تەمموزی خۆی لە مێژوودا تۆمار کرد و ژیانی 900 ملیۆن مرۆڤ کەوتە مەترسییەوە، عێراق لە ناوخۆدا لە نێوان دوو ئاگردایە؛ ئاگری گۆڕانی کەشوهەوا کە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بەرۆکی گرتووە، و ئاگری گەندەڵی و خراپی کارگێری کە رێگرە لە هەر هەنگاوێکی چاکسازیی. ئەم لێکۆڵینەوەیە پەیوەندی نێوان هەڵکشانی پلەکانی گەرمای جیهانی و شکستی دامەزراوەیی ناوخۆیی دەخاتە روو.
بەپێی شیکارییەکی وردی ئاژانسی فرانس پرێس کە لەسەر بنەمای داتاکانی بەرنامەی "کۆپەرنیکۆس"ی ئەوروپی ئامادە کراوە، مانگی تەممووزی ساڵی 2026 گەرمترین مانگی تەممووز بووە کە تا ئێستا تۆمار کرابێت. ئەم گەرما پێوانەییە کاریکردووەتە سەر ئەو ناوچانەی کە 900 ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە، بەتایبەت لە 33 دەوڵەتی وەک فەرەنسا، ئیسپانیا، ناوچەی ساحل و ئەمریکای لاتین. داتاکان کە لە ساڵی 1970وە کۆکراونەتەوە، دەریدەخەن کە گۆڕانی کەشوهەوا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و گەرمای زەریاکان وێنایەکی سامناکیان بۆ داهاتوو دروست کردووە.
عێراق؛ کەمتەرخەمیی حکوومەت و نەمانی سەوزایی:
ئیقبال لەتیف، پسۆپری ژینگە بە کوردستان24ی راگەیاند، سەرەڕای ئەم هەڕەشە جیهانییە، حکوومەتەکانی عێراق نەیانتوانیوە رێکاری پێویست بۆ خۆگونجاندن بگرنە بەر. یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان وشکبوونی باخەکان و نەمانی رووبەری سەوزاییە. هەرچەندە دەسپێشخەری بۆ چاندنی پێنج ملیۆن دار هەبووە، بەڵام دامەزراوەکانی وەک شارەوانی بەغدا بە جدی کار ناکەن و لەبری داری تەمەن درێژ، گوڵی وەرزی دەچێنن کە هیچ سێبەر و فێنکاییەک بۆ شارەکە دروست ناکەن.
گومبەزی گەرمی و قەیرانی ئاو:
ئەو پسپۆرەی کەشوهەوا گوتی، عێراق کەوتووەتە ژێر کاریگەریی "گومبەزی گەرمی" کە بەهۆی بیابانبوون، کەمیی دارستان، دەرهێنانی نەوت و گاز، و چالاکییە سەربازییەکانەوە دروست بووە. ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی بەهەڵمبوونی خێرای ئاوی سەر زەوی. لە لایەکی دیکەوە، حکوومەت فشاری دیپلۆماسی پێویستی لەسەر وڵاتانی دراوسێ (وەک تورکیا) دروست نەکردووە بۆ وەرگرتنی پشکی دادپەروەرانەی ئاوی دیجلە و فورات.
کاریگەرییەکان لەسەر کوردستان و وشکەساڵی:
ئیقبال لەتیف راشیگەیاند، ناوچە شاخاوییەکانی وەک دهۆک، سلێمانی و هەولێر سەرەڕای سروشتەکەیان، ئێستا لەژێر کاریگەریی شەپۆلە گەرمەکانی ئەوروپا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەریاکاندان. وشکبوونی بەرهەمی ترێی سلێمانی نموونەیەکی روونی ئەم گۆڕانکارییەیە. هەروەها لێدانی هەزاران بیر و حەوزی ماسی، بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی سامانی ئاوی ژێرزەوی و سەر زەوی، کە ئەمەش دۆخەکەی بۆ جووتیاران قورستر کردووە.
عێراق بە خێراییەکی زۆر زەوییە بەپیتەکانی لەدەست دەدات، هۆکارەکەشی تێکەڵەیەکە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهانی، خراپ بەکارهێنانی ئاو لە ناوخۆ، کەمبوونی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوە، و ئەو جەنگانەی کە ژێرخانی ژینگەیی وڵاتەکەیان وێران کردووە.
1. رووبەری گشتیی زیانلێکەوتوو:
- 92%ی رووبەری عێراق: بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 92%ی رووبەری گشتیی عێراق (کە 438 هەزار کم چوارگۆشەیە) هەڕەشەی بیابانبوونی لەسەرە یان لە پرۆسەی بیابانبووندایە.
- 39%ی رووبەری وڵات بە تەواوی بووەتە بیابان، ئەم رێژەیەش ساڵانە لە زیادبووندایە.
- 54%ی زەوییەکان: بە زەوییە هەرە هەڕەشەلێکراوەکان پۆلێن دەکرێن کە توانای بەرهەمهێنانیان لەدەست بدەن بەهۆی زۆربوونی لم و سوێربوونی خاکەوە.
2. لەدەستدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان:
- 100 هەزار دۆنم ساڵانە: عێراق ساڵانە رووبەری نزیکەی 100 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی لەدەست دەدات بەهۆی بیابانبوونەوە (دۆنم لە عێراقدا 2500 مەترە).
- سوێربوونی خاک: نزیکەی 70%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی سوێربوونەوە کاریگەرییان لەسەر دروست بووە، ئەمەش بووەتە هۆی لەکارکەوتنی رووبەرێکی فراوانی زەوی.
3. گەردەلوولە تۆزاوییەکان:
- 300 رۆژ لە ساڵێکدا: شارەزایان و بانکی جیهانی هۆشداری دەدەن کە ئەگەر رێکاری خێرا نەگیرێتە بەر، تا ساڵی 2050 رۆژانی گەردەلوولی تۆزاوی لە عێراقدا دەگاتە 300 رۆژ لە ساڵێکدا.
4. کەمیی ئاو (هۆکاری سەرەکیی بیابانبوون):
- کەمبوونی داهاتی ئاو: ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بە رێژەی 50-70% کەمی کردووە بەراورد بە دەیەکانی رابردوو.
- کورتهێنانی ئاو: پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2035 کورتهێنانی ئاو لە عێراقدا بگاتە 11 ملیار مەتر سێجا.
5. رووبەری سەوزایی:
- تێکدانی باخەکان: عێراق ملیۆنان دارخورما و داری تەمەن درێژی لەدەستداوە بەهۆی تێکدانی باخەکان و گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوچەی نیشتەجێبوون.
- رێژەی سەوزایی لە شارەکان: رێژەی سەوزایی لە شارەکانی عێراقدا زۆر کەمە و تەنیا 1-2%یە، لە کاتێکدا پێوەرە جیهانییەکان داوا دەکەن ئەو رێژەیە 15-20% بێت.
6. کۆچی ژینگەیی:
بەهۆی بیابانبوون و وشکەساڵییەوە، زیاتر لە 80 هەزار کەس (بەتایبەت لە ئەهوارەکانی باشوور و ناوچە گوندنشینەکان) ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و بەرەو شارەکان کۆچیان کردووە، ئەمەش بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM).
رێکار و چارەسەرە پێشنیارکراوەکان:
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە سامناکە، پێویستە رێکاری چڕ بگردرێتە بەر، لەوانە:
- داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی نیشتمانی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.
- فشاری دیپلۆماسی جدی بۆ دابینکردنی پشکی ئاوی عێراق.
- دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورە بۆ چاندنی دار لە شەقام، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.
- دروستکردنی ناسنامە و ژمارە بۆ دارە تەمەن درێژەکان و پاراستنیان وەک ناوچەی پارێزراو.
- پشتگیریکردنی پیشەسازی ناوخۆیی بۆ بەرهەمهێنانی ئامێری ساردکەرەوەی وا کە لەگەڵ کەشی عێراق بگونجێت و CO2 کەمتر بڵاو بکاتەوە.
- بەهێزکردنی رۆڵی میدیا لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەربارەی مەترسییەکانی لافاو، گۆڕانی کەشوهەوا و گرنگیی پاراستنی ژینگە.