ژینگە دۆستێک: ئەرشیفێکی تایبەت بە رووەک و گیا خۆڕسکەکانی مزووری باڵا ئامادە دەکات

رێکار مزووری: پلانی داهاتووم سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ژینگە دۆستێک بۆ پاراستنی میراتی سروشت و ژینگەی کوردستان، خۆبەخشانە پڕۆژەیەکی تۆمار و ناونووسکردنی رووەکە خۆڕسکەکانی دەڤەری مزووی باڵای لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، رێکار مزووری، چالاکوان و توێژەر لە بارەی پڕۆژەکەیەوە تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "هەستمکردووە ناوی زۆرێک لەو گوڵ و گیا خۆڕسکەکان رووەو لەناوچوونن، لەگەڵ ئەمەشدا پاراستنی ناسنامەی سروشتی و کولتووری ناوچەکە هاندەرم بوون بۆ ئەوەی دەست بەم پڕۆەیەکە  بکەم." 

هەروا ئاماژەیدا، پڕۆژەکەی تەنیا ناساندنی ناوەکان لەخۆ ناگرێت، بەڵکو لایەنە زانستییەکانی وەک ناوی لاتینی، سوودە پزیشکییەکان و بایەخی ژینگەیی لەخۆدەگرێت.

لەبارەی کۆکردنەوەی زانیارییەکان، رێکار مزووری ئاماژەی بەوە دا پشتی بە دوو لایەنی سەرەکی بەستووە، گەڕانی مەیدانی: وێنەگرتن و دوکیۆمێنتکردنی رووەکەکان لە شاخ و دۆڵەکانی دەڤەری مزووری. لایەنی دووەمیش سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی جووتیار و کەسانی شارەزای ناوچەکە بۆ ناسینەوەی ناوی رەسەن و چۆنێتی بەکارهێنانی گیا دەرمانییەکان.

رێکار مزووری ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی زانیارییەکانی رادەستی سەرۆکی پەیمانگای مێرگەسوور کردووە وەک ئەمانەتێکی زانستی، لە داهاتووشدا کار بۆ دروستکردنی "هێرباریۆم" (کۆمەڵە گیای وشککراو) دەکات بۆ توێژەران.

هەر لە بارەی پڕۆژەکە زیاتر روونیکردەوە، کاری لەسەر زانیارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی باران کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر رووان و دابەشبوونی رووەکەکان کردووە؛ گوتیشی "ئەم ئەرشیفە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بوژاندنەوەی "گەشتیاریی ژینگەیی" لە ناوچەکەدا، چونکە گەشتیاران و توێژەران بە شێوەیەکی زانستی ئاشنای ژینگەی دەڤەری مزووری دەبن".

رێکار مزووری دەڵێت "ئەرشیفەکە زیاتر لە 75 جۆر رووەک، دانەوێڵە و میوەی تێدا تۆمارکراوە، کە خەڵکی ناوچەکە وەک خۆراک یان گیادەرمان بەکاریان دەهێنن." 

پۆلێنکارییەکان بەمشێوەیە:

گیا خۆڕسکەکان: کەنگر (بە سێ جۆرەکەیەوە)، کاری، سترک، گاسوز، مەندە، بڕ (بیزۆ)، لووشە، ترشۆک، کوزەڵە (کە سوودی زۆری هەیە و دژە شێرپەنجەیە)، ڕێواس و بزبزۆک. 

رووکە خۆڕسکەکان: گوێز، کەزان، مازی یان مازوو، سماق یان ترش، باهێڤ یان بادەم یان باوی لەگەڵ چەندان جۆری دیکەی داری بەری خۆڕسک.

 ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەرشیفەکەدا چەندین جۆر قارچکی ناساندووە، لەنێویاندا قارچکی رەسێ، کەرکۆلی و دار، لەگەڵ پێدان و روونکردنەوەی زانیاریی پێویست لە بارەی قارچکە ژەهراوییەکان.

رێکار مزووری راشیگەیاند؛ بڕیارە ئەم هەوڵە مەیدانییە لە شێوەی کتێبێکی وێنەدار و ئەرشیفێکی دیجیتاڵی بڵاوبکرێتەوە، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ زانکۆکان و ناوەندە زانستییەکان. 

گوتیشی "لە پلاندمدایە ئەم پڕۆژەیە بۆ سەرتاسەری ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان فراوان بکەم."