پرۆژەی رووناکی: نیوەی هاووڵاتییان کەمتر لە 34 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی شەش مانگی کارکردنی پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24کاتژمێری راگەیاند؛ بەگوێرەی داتاکان، پڕۆژەکە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە و بووەتە جێگەی رەزامەندی زۆرینەی هاووڵاتییان.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، زیاتر لە 80% بۆ 90% ئەو هاووڵاتییانەی کەوتوونەتە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی، لە خزمەتگوزارییەکە خۆشحاڵن. بەگوێرەی نرخە نوێیەکان، 80% هاووڵاتییان بڕی ئەو پارەیەی بۆ کارەبا دەیدەن، زۆر کەمترە لەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ئەهلییەکان خەرجیان دەکرد.

وەک پاڵپشتییەک بۆ هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ گۆڕینی سیستەمی کارەبا بۆ پێشوەختە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بە رێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزە کۆنەکانی کارەبا بکات بۆ ئەو ماڵانەی دەچنە ناو پڕۆژەی رووناکی. وەزارەت جەختی کردەوە، ئەمە دەرفەتێکی ناوازە و یەکجارەکییە و بە هیچ شێوەیەک کاتەکەی درێژناکرێتەوە، بۆیە پێویستە هاوبەشان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکانیان.

سەبارەت بەو کێشانەی لە پسوولەی خولی 43دا بۆ هەندێک لە هاوبەشان دروست ببوو، وەزارەت رایگەیاند کە کێشەکە چارەسەر کراوە. ئەو هاوبەشانەی بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە بڕێکی زۆر پارەیان بۆ هاتبووەوە، پسوولەکانیان بۆ سفر کراوەتەوە و کێشەکانیان کۆتایی پێهێنراوە.

لەسەر راسپاردە و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ و تشرینی دووەمی 2024 جەختی لێکراوەتەوە، پڕۆژەی رووناکی بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە ئەوەیە تا ئەو بەروارە، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵان و شوێنە بازرگانییەکانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.