کۆمانیای DNO: لەهەوڵداین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ زیاد بکەین

کۆمپانیای نەوت و گازی نەرویجی 'دی ئێن ئۆ' رایگەیاند، هەوڵدەدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ دۆخی پێش گرژییەکان بگەڕێنێتەوە.

کۆمپانیای نەوت و گازی نەرویجی 'دی ئێن ئۆ' رایگەیاند، لە ماوەی چارەکی دووەمی ساڵی 2026 داهاتێکی پێوانەییان بە بڕی 761 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەدەستهێناوە، کە بەراورد بە چارەکی پێشوو 21%ـی بەرزبووەتەوە. کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە، هەوڵدەدەن ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بگەیەنینەوە ئەو ئاستەی پێش گرژییە ناوچەییەکان هەبووە.

کۆمپانیای 'دی ئێن ئۆ' لە داتاکانی دارایی خۆیدا بڵاویکردەوە، بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی دەریای باکوور و فرۆشتنی نەوت بە نرخێکی بەرزی جیهانی، کاریگەریی راگرتنی بەرهەمهێنانی لە هەرێمی کوردستان بەتەواوی قەرەبوو کردووەتەوە. روونیکردەوە، قازانجی کارکردن بە رێژەی 55% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 439 ملیۆن دۆلار، هاوکات قازانجی تەواو بە رێژەی 65% زیادی کردووە بۆ 83 ملیۆن دۆلار.

تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە 88 هەزار و 400 بەرمیل نەوت، لەو بڕەش 84 هەزار و 900 بەرمیلی لە دەریای باکوور بەرهەمهێنراوە، بەرامبەر تەنیا 300 بەرمیل لە هەرێمی کوردستان.

کۆمپانیاکە روونیکردەوە، کۆتایی شوباتی رابردوو وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەڵکەندنیان لە مۆڵەتی تاوکی راگرتبوو، بەڵام کۆتایی حوزەیران و ناوەڕاستی تەممووزی رابردوو دەستیان بە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی تاوکی و پیشابوور کردووەتەوە بەمەبەستی گەیشتن بە ئاستی پێشوو.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا روونیکردەوە، تا کردنەوەی رێڕەوەکانی هەناردەکردن، ئێستا پشکەکەیان لە بازاڕی خۆجێیی بە نرخێک لە نێوان 35 بۆ 39 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەفرۆشن. هەروەها دوای کۆتاییهاتنی چارەکی دووەم پێشنیازێکیان بۆ کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیای جینێڵ ئینێرجی بە نرخی 69 پێنسی بۆ هەر پشکێک پێشکەش کردووە، کە دەکاتە 38% زیاتر لە نرخی داخستنی بازاڕ.