قەیرانی دەروونی لە هێزی دەریایی ئەمریکا زیاد بووە

دزەپێکردنی کۆمەڵێک پەیام و گێڕانەوە لە لایەن سەربازانی هێزی دەریایی ئەمریکا و کەسوکاریانەوە، دۆخێکی سەخت و نالەباری ژیانی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لەسەر کەشتییە جەنگییەکان و بنکە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا کرد، لەوانە کەمیی خۆراک و ئاوی خاوێن، داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و درێژەکێشانی مانەوەیان لە دەریادا.

پێگەی هەواڵی MeidasTouch راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەپێی ئەو پەیام و بەڵگەنامانەی لە چەندین کەشتی و یەکەی سەربازیی ئەمریکاوە پێمان گەشتووە، ئەو هێزانەی لەسەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی وەک (USS Abraham Lincoln) و (USS George H.W. Bush) و تەنانەت بنکە وشکانییەکانی وەک کوێت جێگیرکراون، بەهۆی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکە و ئەرکە درێژخایەنەکانیانەوە، رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی و دەروونیی قووڵ بوونەتەوە.

یەکێک لە کەسوکاری سەربازێک کە ماوەی 11 مانگ لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لینکۆڵ" خزمەتی کردووە، بۆ پێگەکە باسی لەوە کردووە کە لە سەرەتای ئەرکەکەیاندا سیستەمی دابینکردنی ئاوی کەشتییەکە بە تەواوی لەکارکەوتووە، بەجۆرێک سەربازەکان بۆ ماوەیەکی زۆر نەیانتوانیوە خۆیان بشۆن یان جلوبەرگیان پاکبکەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە پێش بەجێهێشتنی کەشتییەکە، سیستەمی ئاوەڕۆ و دەستشۆرەکان پڕ بوون و پاشەڕۆی مرۆیی بە بەرزیی نزیکەی 15 سانتیمەتر لەسەر زەوی دەستشۆرەکان کۆبووەتەوە، کە رۆژانە سەدان سەرباز بەکاریان دەهێنا.

سەربازێکی دیکەی سەر هەمان کەشتی پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەهۆی ململانێکانی پەیوەست بە ئێران، ماوەی نزیکەی شەش مانگە هیچ وشکانییەکیان نەبینیوە و پێداویستییە سەرەتاییەکان بەرەو تەواوبوون دەچن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە کەشتیی جەنگیی "جۆرج دەبلیو بوش"، کەسوکاری سەربازێک ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکان زیاتر لە 136 رۆژە لە دەریادان بەبێ ئەوەی وادەی گەڕانەوەیان دیار بێت. بەپێی گوتەی ئەوان، کەشتییەکە بەدەست کەمیی توندی خۆراک، ئاو و تەنانەت سابوونەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی توندی ورەی سەربازەکان و دروستبوونی دۆخێکی دەروونیی نائارام.

هاوکات، دایکێکی دیکە کە کوڕەکەی لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایە لە کوێت، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت کوڕەکەی بەهۆی برسییەتی، شەکەتبوون و ترسەوە لە دۆخێکی دەروونی و تەندروستیی زۆر خراپدایە و داوای هاوکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی.

هاوسەری یەکێک لە سەربازانی سەر کەشتیی لینکۆڵن رایگەیاندووە، سەربازەکان بەهۆی کەمخەوی و نەبوونی هیچ پشوویەکەوە بە تەواوی ماندوون. ئەو ئاماژەی بەوەش کردووە کاتێک سەربازەکان لەبارەی دۆخەکەیان پرسیار لە فەرماندەکەیان دەکەن، پێیان دەگوترێت تەنیا بیر لە رۆژەکەی ئەمڕۆ بکەنەوە. ئەو هاوسەرە ئاشکرای کردووە کە تەنانەت ئەو سەربازانەی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزموونی سەربازییان هەیە، ئەم ئەرکەی ئێستایان بە خراپترین ئەزموونی تەواوی ژیانی سەربازییان ناودەبەن و پێیان وایە گوێ بە داواکاری و کێشەکانیان نادرێت.

هەروەها چوارشەممە 12ی ئابی 2026، میلیتەری تایمز راپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە تێیدا ئاماژەی دابوو، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "USS Abraham Lincoln" کە نزیکەی 5,000 سەرباز و مارێنزی لەسەرە، لە 21ی تشرینی دووەمەوە گەشتەکەی دەستی پێکردووە و زیاتر لە هەشت مانگە لە ناوچەکەدا بەردەوامە لە هاوکاریکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران. ئەم ئەرکە کە بڕیاربوو لە مانگی ئایاردا کۆتایی بێت، بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکراوەتەوە.

راپۆرتەکەی میلیتەری تایمز سەرنج خستبوو سەر چەندین رووداوی دڵتەزێنی ناو فڕۆکەهەڵگرەکە؛ ئانابێل لۆما رایگەیاندبوو، هاوسەرەکەی کە ئەفسەرێکی دێرینە بە ئەزموونی 13 ساڵ کارکردن لە هێزی دەریایی بەهۆی ماندووبوونی زۆر و بەردەوامەوە هەوڵی داوە خۆی لە سەر پشتی کەشتییەکەوە فڕێبداتە ناو ئاو، و ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشکیدایە و دەترسێت بەهۆی ئەم دۆخە دەروونییەوە کارەکەی بە تەواوی لەدەست بدات.

لە رووداوێکی دیکەی هاوشێوەدا، ماریا رۆدریگێز، هاوسەری سەربازێکی تر ئاشکرای کردبوو، هاوسەرەکەی لە کاتی ئێشکگریدا رێگری لە هاوپۆلێکی کردووە کە خەریکی خۆسازدان بووە بۆ خۆفڕێدانە ناو زەریا و بە هاوکاریی سێ سەرباز بۆردی دیکە توانیویانە بە توندی قۆڵی بگرن و رزگاری بکەن.

پێشتریش، رۆژنامەی "ستارس ئەند سترایپس" پشتڕاستی کردەوە فەرماندەیی کەشتییەکە سەرجەم کارمەندەکانی لە رێگەی بڵندگۆی فەرمییەوە لە رووداوی رێگریکردن لە خۆکوژیی هاوپیشەیەکیان ئاگادار کردووەتەوە.

هەفتەی رابردوو، زیاتر لە 200 ئەندامی خێزانی سەربازەکان لە سان دیێگۆ لەگەڵ هۆنگ کاو، سەرپەرشتیاری فەرمیی هێزی دەریایی ئەمریکا کۆبوونەوە و خێزانەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی لە بارەی ئاسایشی دەروونی، شەکەت بوون، تێکچوونی خەون و سەلامەتیی سەرنشینانی کەشتییەکە.

جێگری ئەدمیراڵ جۆزێف کاهیل، فەرماندەی هێزە دەریاییەکان دانی بە قورسیی دۆخەکەدا نا و ئاماژەی بەوە کردبوو، چەندین راوێژکاری دەروونی و قەشەی ئاینی لە سەر پشتی کەشتییە جەنگییەکان دابینکراون بۆ هاوکاریی دەروونی. هۆنگ کاو بە خێزانەکانی راگەیاندبوو هێزی دەریایی لە ئامادەکاریدایە بۆ ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بۆ شوێنگرتنەوەی هێزەکانی سەر پێگەی لینکن، بەڵام بەهۆی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنییەوە خشتەی کاتیی ناردنەکەی ئاشکرا نەکرد.