سۆران.. تەرمی ئەو گەنجەی لە ئاوی کاولۆکان خنکابوو دۆزرایەوە
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران دوای گەڕان و پشکنین، تەرمی گەنجێکی تەمەن 26 ساڵانیان دۆزییەوە کە لە کاتی مەلەکردندا لە ئاوی "کاولۆکان" لە سنووری ئیدارەی سۆران خنکابوو.
هەینی 14ـی ئابی 2026، گەنجێک بە ناوی عەبدوڵڵا یونس، تەمەن 26 ساڵ و دانیشتووی قەزای رواندز، لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە مەبەستی مەلەکردن چووبووە سەر ئاوی کاولۆکان، بەڵام لەناو ئاوەکەدا دیار نەمابوو و دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، رایگەیاند، دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، تیمەکانی غەواسی و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە گەڕان کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو هاووڵاتییە.
دواتر بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە تەرمی عەبدوڵڵا یونس لە ئاوەکە دەربهێننەوە و بە مەبەستی ئەنجامدانی رێکارە یاسایی و پزیشکییەکان، رەوانەی پزیشکی دادی سۆرانیان کردووە.