ئیخلاس دلێمی: وەزارەتی دارایی دەستی کردووە بە ئامادەکردنی بودجەی 2027

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد یاسای بەخشین و قەرزکردن هەفتەی داهاتوو دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.

هەینی 14ـی ئابی 2026، ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) روونیکردەوە، لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەکە لەگەڵ سەرۆكوەزیران، رێککەوتن لەسەر چەندین پرسی گرنگ کراوە، لەوانە رەوانەکردنی بودجەی 2027 بۆ پەرلەمان، گوتیشی، لیژنەی دارایی ئەرکی دارشتنی یاسای بەخشین و قەرزکردنی گرتووەتە ئەستۆ و بڕیارە هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.

دلێمی ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دارایی ستراتیژییەتی بودجەی ئامادە کردووە و لیژنەی دارایی و ژمارەیەك لە وەزارەتەکان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیشی تێدا بەشدار کردووە، بۆ ئەوەی دواتر رەوانەی پەرلەمانی بکات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختی کردەوە، رێککەوتن هەیە لە نێوان سەرۆكوەزیران و لیژنەکەیان بۆ ئەوەی بودجە بە زووترین کات لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت، چونکە وڵات پێویستی بە سەقامگیریی دارایی هەیە بۆ دیاریکردنی نرخی دینار و نرخی بەرمیلێك نەوت و میکانیزمەکانی هەناردەکردن و چۆنیەتی کارکردن.

سەبارەت بە جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، دلێمی روونیکردەوە، بەهۆی راگیرانی هەناردەی نەوت، دۆخی دارایی وڵات سەختە، بۆیە لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی باسی ئەو بابەتەیان نەکردووە، بەڵام هیواخوازن کێشەی پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران لە ناو بودجەدا چارەسەر بکرێت.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی، دەبێت رەشنووسی بودجە لە 15ـی تشرینی یەکەمی ئەم مانگەدا بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو پەسەند بکرێت.