بەنزینی 750 دیناری پاڵپشتیکراوی حکوومەت دەگاتە سلێمانی
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند؛ بڕیارە لە ماوەی یەک بۆ دوو کاتژمێری داهاتوودا ئەو بەنزینە بازرگانییەی کە لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت و نرخەکەی 750 دینارە، گەیشتە سلێمانی و دەستبەجێ دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، مەحەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 دڵنیایی دا کە ئەو بەنزینەی لە رۆژانی رابردوودا بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرا، وەک خۆی لە بەنزینخانەکاندا بەردەوام دەبێت و هیچ گرفتێکی نییە.
سەبارەت بە زیادکردنی ژمارەی بەنزینخانەکانیش، مەحەمەد حەسیب ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو بەنزینخانە تازانەشی کە بۆ دابەشکردنی ئەو جۆرە بەنزینە دیاری کراون، هەر کاتێک سووتەمەنییەکەیان بەدەست گەیشت، دەست بە دابەشکردنی دەکەن."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە، پڕۆسەکە بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوە دەچێت و هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی بەنزینەکە بە شێوەیەکی رێکخراو بگاتە دەستی هاووڵاتییان.