جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا تەنیا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی ماوە

لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق
لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق

جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا لە نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆتایی بە یەکێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەردوو لا بهێنێت.

ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرۆسەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی قۆناخی باشی بڕیوە.

 هەروەها روونی کردەوە، لە ئێستادا تەنیا پێویستی بەوەیە بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ ئەوەی رەزامەندیی کۆتایی لەسەر بدرێت.

راوێژکارەکەی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش کرد، هەر رۆژێک بابەتەکە بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەوە، گفتوگۆی وردی لەسەر دەکرێت و بە دڵنیاییەوە رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە دەدرێت. ئەم هەنگاوەش ئامانج لێی رێکخستنەوەی کاروباری مەرزەکانە لە سەرتاسەری وڵاتدا و کۆتاییهێنانە بە ناکۆکییە ئابوورییەکان.

سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) پرۆگرامێکی جیهانییە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ پەرەپێدان و بازرگانی دروستکراوە، ئامانج لێی بە ئەلیکترۆنیکردن و یەکخستنی رێکارە گومرگییەکانە.

 لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق دەستی بە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە کرد لە دەروازە سنوورییەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتدا بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و زیادکردنی داهاتی نانەوتی.