لەم هەفتەیەدا قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر دەستپێدەکات

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە حەوت قۆناخی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکە نزیکەی 42 هەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون.

شەممە 15ـی ئابی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، تاوەکو ئێستا حەوت قۆناخی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە، و لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی 42 هەزار فەرمانبەری شایستە فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان بۆ گەڕاوەتەوە و لێی سوودمەند بوون.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاشکراشی کرد، بڕیار وایە لەم هەفتەیەدا قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی پارچە زەوییەکان بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێبکاتەوە و پرۆسەکە بەردەوام بێت.

بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی پەیوەست بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، تا ئێستا نزیکەی 130 هەزار فەرمانبەر لە تەواوی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون.