دابەشکردنی بەنزینی لە رێگەی کارتی سووتەمەنی بە تەواوی رادەگیرێت

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە سبەینێوە دابەشکردنی بەنزینی حکومی لە رێگەی کارتی سووتەمەنی (کۆبۆن) بە تەواوی رادەگیرێت، و تەواوی پلانەکە دەگۆڕدرێت بۆ دابینکردنی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە نرخی 750 دینار لە بەنزینخانەکان بەبێ کارتی سووتەمەنی.

شەممە 15ـی ئابی 2026، ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە زانیارییەکی تایبەتدا ئاشکرای کرد لە سبەینێوە هیچ بەنزینخانەیەک بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی لە رێگەی کارتی سووتەمەنی یان کۆبۆن دابەش ناکات.

بەپێی زانیارییەکان، ئێستا پلانی نوێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تەنیا بریتییە لە دابینکردنی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک و دابەشکردنی بەسەر بەنزینخانەکاندا.

بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە، لەمەودوا بەنزینی 750 دیناری لە بەنزینخانەکان بۆ سەرجەم شۆفێران بەردەست دەبێت و چیتر پێویست بە دانانی لیستی تایبەتی بەنزینخانە حکومییەکان و بەکارهێنانی کارتی سووتەمەنی ناکات، بەڵکو شۆفێران دەتوانن راستەوخۆ و بە شێوەیەکی ئاسایی بەنزینی 750 دیناری لە بەنزینخانەکان وەربگرن.