هەرێمی کوردستان بەرەو مۆدێرنکردنی کەرتی کشتوکاڵ هەنگاو دەنێت

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی کشتوکاڵ چڕکردووەتەوە و لە رێگەی پەیڕەوکردنی چەندان سیستمی پێشکەوتووی بێ کێڵان و کشتوکاڵی زیرەک و ئاکواپۆنیک، کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی تێچووەکان دەکات.

یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بەکارهێنانی رێگەی  "بەبێ کێڵان" (No-Till)  گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئاماژەی بەوەش کرد لە هەندێک ناوچەدا رووبەری چاندن بەم سیستەمە لە 30 دۆنمەوە بۆ 300 دۆنم زیادیکردووە، ئەمەش جگە لە کەمکردنەوەی تێچووەکانی سەر جووتیار، یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی شێی خاک و زیادبوونی کوالێتیی بەرهەمەکان.

قارەمان قادر، لەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی جووتیاران بۆ پڕ کردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆیی گوتی،"هەرێمی کوردستان لە قۆناغی دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی تێپەڕیوە و ئێستا بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمەکان رەوانەی دەرەوە دەکرێن، بەرهەمەکانی وەک تەماتە، هەنجیر و ترێ، وێڕای رەوانەکردنیان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هەناردەی وڵاتانی تورکیا، ئوردن و ئیماراتیش دەکرێن.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، جەخت لەسەر پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراک دەکرێتەوە، پلانی وەزارەت ئەوەیە کارگەکانی لەقوتکردن و وشککردنەوەی بەرهەمەکان زیاد بکرێن، تاوەکو لە وەرزی زۆریی بەرهەمدا جووتیاران تووشی زیان نەبن، هەروەها لە بواری پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکاندا، حکوومەت تەکنەلۆژیای نوێی وەک "واتەر بۆکس" پەیڕەو دەکات، کە وەک جێگرەوەی سیستەمی دڵۆپاندنی کۆن و وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستاندا هەژمار دەکرێت.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوشانی پڕۆژە ستراتیجییەکان، گرنگییەکی زۆری بە بووژاندنەوەی کشتوکاڵ و پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی داوە، لەو چوارچێوەیەدا گەشەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵیی لە %1.8 بۆ %10 زیاد کردووە

هاوکات بەهۆی ئاسانکارییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ خاوەنکاران، زیاتر لە 11 هەزار و 100 کۆمپانیا مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە و دامەزراون و 1,257 کارگەی نوێ کراونەتەوە، کە بوونەتە هۆی بووژاندنەوە، پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەسازیی ناوخۆیی.

هەروەها لە ئەنجامی پشتیوانیی کابینەی نۆیەم بۆ جوتیاران، بە دروستکردنی 30 هەزار خانووی پلاستیکی و 319 کۆگای ساردکەرەوە، بەرهەمی ناوخۆیی بووژایەوە، بۆ یەکەمجاریش بە دەیان هەزار تۆن بەرهەمی جوتیارانی کوردستان، هەناردەی دەرەوەی وڵات کرا.