بادینان.. ئاهەنگی هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ بۆ 900 کچ و کوڕ ساز کرا
لە پارێزگای دهۆک، سنووری ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکانی دەوروبەری، ئاهەنگی هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ بۆ 900 گەنج (450 هاوسەر) بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، لە پارێزگای دهۆک و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاکرێ، ئامێدی و شێخان، ئاهەنگی هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ بۆ 900 گەنج (450 هاوسەر) بەڕێوەچوو، ئەم پڕۆژەیە بە راسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە پاڵپشتیی دارایی مەنسوور بارزانی رێکخراوە.
رێکخەرانی پڕۆژەکە رایانگەیاند: ئەم پڕۆسە نیشتمانییە هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆژی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی.
لەم دەستپێشخەرییە مرۆییەدا، 450 خێزانی نوێ بەبێ رەچاوکردنی جیاوازیی ئایینی یان لایەنگیریی سیاسیی بەشدارن، کە دابەشبوونیان بەسەر ناوچەکاندا بەم شێوەیەیە: 150 خێزان لە دهۆک و سێمێل، 90 لە زاخۆ و باتیفا، 90 لە ئاکرێ و بەردەڕەش، 60 لە ئامێدی و 60 خێزانیش لە شێخان. هەروەها 81 خێزان لە بەشداربووان لە کەسوکاری شەهیدانن.
سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردن لەم پڕۆژەیەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە پێویست بووە بەشداربووان پێشتر هاوسەرگیرییان نەکردبێت و دوای دەرچوونی ناوەکانیشیان ئاهەنگی جیاوازیان ساز نەکردبێت.
وەک هاوکاری و پاڵپشتییەک بۆ دەستپێکردنی ژیانی هاوبەشی گەنجان، لە لایەن مەنسوور بارزانییەوە دیارییەکی دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دینار پێشکەشی هەر خێزانێکی نوێ دەکرێت، ئەمەش هاوشان لەگەڵ گرتنەئەستۆی تەواوی خەرجی و تێچووی سازکردنی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە بۆ سەرجەم بەشداربووان، تاوەکوو بەبێ بارگرانیی دارایی دەست بە ژیانی هاوبەشیان بکەن.