وەزارەتی دارایی: مووچە گەیشت و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت
وەزارەتی دارایی و ئابووریی رایگەیاند، پارەی مووچەی مانگی تەممووز خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و بڕیارە بەمنزیکانە لیستی مووچە بڵاوبکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕی 830 ملیار و 782 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی تەممووز (حەوت)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتەکە روونی کردووەتەوە، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەممووز لە کۆی گشتیی پارەی مووچەکە بڕیوە.
هاوکات لە چوارچێوەی ناردنی مووچەی ئەم مانگەدا، بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دینار نەنێردراوە، تایبەتە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی نەختینە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، راستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.